نێچیرڤان بارزانی راگەیەنراوێكی لەبارەی فیلمە ئێرانییەكانەوە بڵاوكردەوە

پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوو فیلم لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فارس بەرهەم هاتوون كە دەیانەوێت بەو كارانەیان پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران تێك بدەن.

نێچیرڤان بارزانی لە راگەیەنراوێكدا باس لەوەدەكات، لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمەوە لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، هەوڵی داوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە.

دەشڵێت، “هاوكارییەكانی ئێران بۆ كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵدەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتی نێوانمان بگەیەنێت”.

ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوان ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دادەنێن، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانییەتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمانكاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێن.

دەشڵێت، “داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكەین كە بووەتە هۆی برینداركردنی هەستی گەلی كوردستان”.

لەچەند رۆژی رابردودا بڵاوبوونەوەی كورتە فیلمێك بەناوی توكل كە تێیدا باس لەوەدەكات مەسعود بارزانی لەكاتی پەلاماری مەخموردا پەنای بۆ قاسمی سولەیمانی فەرماندەی ئەوكاتی سوپای قودسی ئێرانی بردووە.

ناوەڕۆكی فیلمەكە نیگەرانی پارتی دیموكراتی لێكەوتەوەو چەندین بەرپرسی ئەو حزبە وەڵامی ئێرانیاندایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا