هەڵبژاردن چارەنووسی كەركوك یەكلا دەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بۆچی ئەم هەڵبژاردنە لە كەركوك بۆ كورد گرنگە؟

تاچەندە گرنگە دەنگدەری كورد بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكات؟

ئەگەر كورد زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكەی بەدەستنەهێنا چی روودەدات؟

ماوەی 40 رۆژە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرگای بانگەشەی بەڕووی سەرجەم ئەو لیست و قەوارانەدا كردووەتەوە كە لە 15 پارێزگای عێراق جگە لە پارێزگاكانی هەرێم بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقیان كردووە.

بڕیارە رۆژی شەممە 16-12-2023 لە سەعات 7:00ی بەیانییەوە دەنگدانی تایبەت بۆ راگوێزراو و هێزە ئەمنییەكان دەستپێبكات و تا 6:00 ی ئێوارە بەردەوام بێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنیش ملیۆنێك و دوو هەزار و 393 دەنگدەری تایبەت و 48 هەزار و 260 راگوێزراو بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاكانی عێراق دەكەن و سەرجەم ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە تەوابووە.

هاوكات رۆژی دووشەممە 18-12-2023 لەسەعات 7:00 ی بەیانییەوە دەنگدانی گشتی لە 15 پارێزگاكەی عێراق بەڕێوەدەچێت و تا سەعات 6:00 ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

نزیكەی 16 ملیۆن دەنگدەری گشتی بەشداری دەنگدان دەكەن

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنیش 15ملیۆن و 108هەزار و 135 دەنگدەری گشتی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەن و سەرجەم ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە تەوابووە.

 

بەمەش 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر بە گشتی و تایبەت و راگوێزراوەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەن و حەوت هەزار و 766 ناوەند و 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدەران ئامادەكراوە.

لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا بەپێی ئەو ئامارانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندووە، 134 لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن كە 39 هاوپەیمانی و 29 حزب و 66 كاندیدی سەربەخۆن، كە نزیكەی 40 رۆژە بانگەشە بۆ لیست و كاندیدەكانیان دەكەن.

ئەوەی بۆ كورد گرنگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، جیاواز لە پارێزگاكانی تر ئەم هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك بۆ شوناسی كوردستانی بوونی كەركوك گرنگە، لە كاتێكدا ماوەی 18 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام نەدراوە.

بە پەرتەوازەیی لایەنە كوردییەكان، كوتلەی گەورەی نێو ئەنجومەن لەدەست دەدەن

پشت بەست بە دواین هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك كورد بە یەكڕیزی لە كەركوك براوەی یەكەم دەبێت بە مسۆگەر كردنی شەش كورسی، پێكهاتەی عەرەب چوار كورسی و توركمانیش دوو كورسی بەدەستدەهێنێت و سێ‌ كورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان كورد پشكی تێیدا دەبێت.

بە پەرتەوازەییش لایەنە كوردییەكان، كوتلەی گەورەی نێو ئەنجومەن لەدەست دەدەن، بەپێی یاسای هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار بۆ ماوەیەكی نادیار و درێژ لە لایەك و ئومێدی پێكهاتەی كوردیش لە كەركوك دەدۆڕێنن.

گرنگیی بەشداری كردنی هاووڵاتیان بە گشتی و كوردستانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا سێ رەهەندی هەیە كە ئەوانیش: نەتەوەیی و سیاسی و ئیدارییە. كاریگەرییەكانی دەنگدان بۆ كوردستانیان ئەوكات دەردەكەوێت كە دەنگدەرانی كورد زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنەكە ببەنەوە و لەو رێگایەشەوە دەتوانرێت پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنرێت، بەمەش گێڕانەوەی كەركوك بۆسەر هەرێمی كوردستان هێندەی تر كوردستانییەتی كەركوك دەسەلمێنێت، هەرچەندە بەپێی مادەی (140)ی دەستووری دەبوایە لە ساڵی (2007) چارەنووسی كەركوك یەكلایی بكرایەتەوە، بەڵام هەوڵە شۆڤێنییەكان و هۆكارە ناوچەییەكان رێگربوون لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم مادە دەستورییەدا، لە رووی ئیداریشەوە بەشێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لە نەتەوەی كورد دەبن بە رەچاوكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی تر، چونكە ئەنجومەنی پارێزگا كاندیدەكان بۆ پۆستە ئیدارییەكان یەكلایی دەكاتەوە كە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هاووڵاتیانەوە هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا