گلگامێش..گەڕان بەدوای نەمریی

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

گلگامێش یەکێکە لە داستانە بەناوبانگەکانی جیهان و بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، دوای نوسین سۆمەرییەکان بەو داستانە بەشداربوون لە دانانی بەردی بناغەی ئەدەبیانی جیهان، ئەم داستانە بە خەتی بزماری نووسراوە، لە دوانزە تابلۆ یان بەش پێکدێت،  هەروەها داستانەکەش بەزمانێکی شیعری نووسراوە، واتە لەجیاتی زمانی ئاساییی، دێرە شیعر نووسراوە، ئەمەش جوانیی و گرنگی زیاتر بە داستانەکە بەخشیووە.

داستانەکە بەمشێوەیە دەستپێدەکات:

گلگامێش کە قوڵایی بینی ، بنی زەوی،

ئەو شارەزای هەموو شتێک بوو، لەهەموو شتێک دەگەیشت.

The Epic of Gilgamesh - Yale University Press

مێژووی داستانە مەزنەکە:

مێژووی ئەم داستانە بۆ سەردەمی زێڕینی شارستانی بابلی کۆن دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی کە یەکێک بووە لە شارستانییە مەزنەکانی جیهان، بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، دەگەڕێتەوە بۆ 2000 _ 2100ساڵ پێش زایین. سەرەتاش ئەم داستانە بەزمانی سۆمەری کۆن و هێڵی بزماری نووسراوە، لە هەزارەی دووەمی پێش زایین، زمانی سۆمەری کۆن یەکێک بووە لە زمانە دێرینەکانی ناوچەکە و لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا، زمانی نووسین و ئاخاوتن بووە.

پاشان ئەم داستانە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەکەدی کە زمانی شارستانی بابلی کۆن بووە و لەسەروبەندی ساڵی 1600 کۆکراوەتەوە و کراوە بە ئەکەدی.بۆیەکەمجار  لە ساڵی 1853  لە نزیک شاری موسڵ، کتێبخانەی ئاشوو بانیپاڵ دەدۆزرێتەوە، کە یەكێکە لە کتێبخانە مەزنەکانی جیهان و ساڵی 612 وێرانکراوە، لەو ساڵەدا لە لایەن کۆمەڵێک بەریتانییەوە چەند پارچەیەک لە داستانەکە دەدۆزنەوە کە بە هێڵی بزماری نووسراوە و پاشان بۆ مۆزەخانەی بەریتانیا دەبرێتەوە. ساڵی 1872، جۆرج سمیس ماوەیەکی زانا و مێژووناسی بەریتانی، زۆر لێکۆڵینەوە لەو تابلۆیانە دەکات و بۆی دەردەکەوێت کە ئەمە داستانە مەزنەکەی گلگامێشە و بەتایبەتی کاتێک تابلۆی یانزە دەخوێنێتەوە، باسی لافاوەکە دەکات.

ناوەڕۆکی داستانەکە:

سەرەتا، دەستەواژەی خوداوەند لە شارستانیەتە کۆنەکاندا بۆ فەرمانڕەوا و پاشاکان بەکارهاتووە و پاشا پلەی خوداوەندی هەبووە، لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا خەڵک باوەڕی وابوو، خودا مرۆڤی لەسەر شێوەی خۆی دروستکردووە، کاتێک دەسەڵات وەردەگرێت بەتەواوی دەتوانرێت وەک خوداوەند لێی بڕوانرێت.

بەپێی گێڕانەوەکان، پێش 4700 ساڵ لە باشووری میزۆپۆتامیا پادشایەکی ژیر و بەهێز و قارەمان لە شاری ئوروک دەژیا و فەرمانڕەوای رەهای شارەکە بووە، کەس نەیوێراوە لە ئاست ئەم پادشا بەهێزە قسە بکات، کە گلگامێشی فەرمانڕەوای ئوروک بوو، لە فەرمانڕەوایەتیدا وەک کەسێکی بێ ئەزموون و خراپ مامەڵەی دەکرد و هەمووان لێی دەترسان، ئەمەش بووە هۆی بێزاربوون و دڵگیرانی خەڵکی شار لە خوداکان پاڕانەوە  کە لەم بەڵایە رزگاریان بکەن، ئانوی خودای ئاسمان، ئاروری ژنە خوداوەندی راسپارد، تا ئینکیدۆ، بخوڵقێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاوتایەک بۆ گلگامێش، تا ئەوان کێبڕکێی یەکتری بکەن و  خەڵکیش لە بەڵای گیگامێش رزگاربکەن.

ئەنکیدۆ بەهۆی ژیانکردن لەگەڵ ئاژەڵەکان نەیدەتوانی وەک مرۆڤ مامەڵە بکات و بخوات و بخواتەوە، هەروەها بەهۆی ژیانکردنی لەناو دارستان دەستی لە تەقاندنی ئەو تەڵانەدا هەبوو، کە ڕاوچییەکان بۆ ئاژەڵەکان دایان دەنا، بۆیە ڕاوچییەکان ویستیان جوانی شامهات بەکاربهێنێت تا بتوانێت ئەنکیدۆ پەلکێشی کۆمەڵگا بکات و لەو دۆخە دەریبهێنێت، گلگامێش لەوکاتەدا خەوێک دەبینێت و نازانێت واتایی چییە، بۆیە دایکی نینسونی خوداوەند خەونەکەی بەوە لێکدەداتەوە، کە گلگامێش دۆستێکی هاوشان پەیدا دەکات.

دوای گەیشتنی ئەنکیدۆ بە شاری ئوروک، بەمەبەستی سەیرکردنی خەڵک هاتن بۆ سەنتەری شار، لەوکاتەدا گلگامێش ڕوو لەوێ دەکات و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ململانێیەکی سەخت لەنێوانیاندا دروست دەبێت و دواتر هەردووکیان ستایشی ئازایەتی یەکتر دەکەن و دەبن بە هاوڕێ هاوڕێیەتییەکەیان پەرەدەستێنێت.

The Epic of Gilgamesh: 3 Parallels from Mesopotamia to Ancient Greece

ئینکیدۆ لە ژیانی شار بێزار دەبێت ، گیلگامێش هەوڵی زۆری لەگەڵدا دەدات کە لەو خەومۆکییە دەریبکات هیچ سوودی نابێت، پاشان پێشنیازی بۆ دەکات بچن بۆ ناوچەی دارستانە سوورەکە و جەنگ لە دژی هومبابای دێوزمە بکەن، لەوکاتەدا کەس نەیوێراوە خۆی لە قەرەی دارستانەکە و هومبابا بدات، پاشان رازی دەبن، زۆرێک لە ریش سپیانی شار هەوڵیان لەگەڵ دەدەن کە لەم کارە پەشیمانیان بکەنەوە ، بەڵام هیچ سوودی نابێت.

پاشان دایکی گلگامێش هەندێک رێورەسمی ئاینی بەجێدەهێنێت و داوا لە شاماشی خودای خۆرەتاو دەکات کە لە رێگا بیانپارێزێت. شاماشی خودای خۆرەتاو  یارمەتیان دەدات و رەشەبایەکی بەهێز هەڵدەکات و ئەمەش یارمەتی هەردووکیان دەدات تاوەکو پەلاماری هومبابای دێوەزمە بدەن و پاشان لە جەنگێکی سەختدا، بەسەریدا زاڵ دەبن و دارستانەکە لەناودەبەن. هومبابا دەپاڕێتەوە کە نەیکوژن، بەڵام ئەوان دەیکوژن، ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبونی خواوەندەکانی تر. پاشان دەگەڕێنەوە بۆ ناو شار، کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ ناو شار دواتر ئیشتاری خوداوەند عاشقی گلگامێش دەبێت، بەڵام ئەو رازی نابێت چونکە دەزانێت پێشتر هەرچی پیاوە تووشی بەدبەختی کردوون، ئەم رەتکردنەوەی خۆشەویستییە، دەبێتە هۆی توڕەبوونی عەشتاری خوداوەند و پاشان دەچێتە لای ئانوی باوکی، کە خوای ئاسمانە، لە هەموو خوداوەندەکان بەهێزترە، داوای لێدەکات کە سزای گلگامێش بدات، باوکی رازی نابێت کە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەو هەڕەشە لە باوکی دەکات، گەر وا نەکات ئەوا دەرگاکانی جیهانی ژێرەوە دەشکێنێت و رێگا بە مردووەکان دەدات تا سەربکەونە سەرێ و هەموو مرۆڤەکان بخۆن، پاشان باوکی ناچار دەبێت کە کەڵەگایەکی ئاسمانی بنێرێت بۆ لەناوبردنی گلگامێش و ئینکیدۆی هاوڕێی، بەڵام گلگامێش و ئینکیدۆ، بەوپەڕی ئازایەتییەوە لە دژی کەڵەگای ئاسمانی دەجەنگێن و پاش شەڕێکی قوورس دەیکوژن. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبونی خوداوەندەکان، بەمێشوەیە بەهۆی کوشتنی هومبابای دێوەزمە و کەڵەگای ئاسمانی، خوداوەندەکان لە گلگامێش و ئینکیدۆ تووڕە دەبن و بڕیار دەدەن کە یەکێکیان دەبێت بمرێت.

The Epic of Gilgamesh: 3 Parallels from Mesopotamia to Ancient Greece

پاش ماوەیەک ئینکیدۆ نەخۆش دەکەوێت و نەخۆش کەوتنەکەی گلگامێش بەتەواوی تووشی نائومێدی و بێ هیوایی دەکات و بەردەوام بەوە دڵی دەداتەوە، کە نابێت ئەو بترسێت لەکاتێکدا هەمووان لەو دەترسن. ئازایەتییەکەی بێ هاوتایە، دواتر ئەنکیدۆ دەمرێت و گلگامێش شەش ڕۆژ و حەوت شەو دەگریەت و تەعزیەی بۆ دادەنێت و خەمۆکی بەسەر مەملەکەتدا زاڵ دەبێت و جلی رەش لەبەردەکرێت.

پاش مردنی ئینکیدۆ، گلگامێش تووشی رەوشێکی دەروونی زۆر خراپ دەبێت و  پێستی شێر لەبەردەکات و  روو لە دەشتودەر و چۆڵەوانی دەکات و  سەرگەردان دەبێت و بەدوای چارەسەرێکدا دەگەرێت کە کۆتایی بەمردن بهێنێت و بتوانێت بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و نەمرێت، پاشان رۆژێکیان دەچێتە  خانێک و چاوی بە “سیدوری” ژنە خواوەندی “مەی دروستکەر” دەکەوێت، گلگامێش نیازی خۆی پی رادەگەیەنێت کە دەیەوێت بچێت سەردانی ئۆتناپیشتیم بکات، ئەو کەسەی کە ژیانی هەمیشەیی لەلایەن خوداوندەکانەوە پێ بەخشراوە.

ئەم گەشتەشی زۆر دژوار و ئاڵۆز دەبێت و ناچار دەبێت بە رێگایەکی ناخۆش  بڕاوت و پاشان لە دەریای مەرگ بپەڕێتەوە، پاش ئەو هەموو رێگایە ئینجا دەگاتە لای ئۆتناپیشتیم. ئەویش چیرۆکی خۆی پێ رادەگەیەنێت کە چۆن خوداوەندەکان ژیانی هەمیشەییان پێ بەخشیوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەبوو، کاتێک ئەنجومەنی خوداوەندەکان بڕیار دەدەن مرۆڤی سەر زەوی لەناوبەرن، ئەوەش لە رێگەی لافاوێکی گەورەوە، هەموو خوداکان رازی دەبن تەنها  “ئێیای” خودای ژیری نەبێت، ئەویش پاشان بە ناڕاستەوخۆ  ئەم هەواڵە بە ئۆتناپیشتیم  دەڵێت، پێیشی راگەیاندووە کە بەمزوانە لافاوێکی گەورە دەبێت و هەموو زەوی دادەپۆشێت، بۆیە پێشنیازی بۆ دەکات، کەشتییەکی گەورە دروست بکات و  هەموو خێزانەکەیی و  هەرچی گیانەوەر و جۆری درەخت و گژوگیایە، کۆیبکاتەوە و بیخاتە  ناو کەشتییەکەیەوە.

پاشان لافاوەکە دروست دەبێت و ئەویش سواری کەشتییەکەی دەبێت و پاش شەش رۆژ و حەوت شەو، لافاوەکە نامێنێت، ئەویش لە سەر لووتکەی چیای ” نیسیر”  کەشتییەکەی لەنگەر دەگرێت. پاشان دادەبەزێت و قووربانی پێشكەشی خوداوەندەکان دەکات و ئەوانیش پیرۆزی دەکەن و  ژیانی نەمری پێدەبەخشن. ” ئەمەش هەمان چیرۆکی لافاوەکەیە کە لە کتێبە پیرۆزەکانی  قورئان و  تەورات و ئینجیل” دا  هاتووە .

گلگامێش داوا لە ئۆتناپیشتیم دەکات، کە نهێنی نەمریی فێربکات، لە ئەنجامدا ئۆتناپیشتیم گلگامێش دەخاتە بەردەوم تاقیکردنەوەیەک، ئەوەیش ئەوەیە کە بۆماوەی هەفتەیەک نەخەوێت و بەئاگا بێت، ئەگەر توانی ئەمە ئەنجام بدات، ئەوە دەبێتە نەمر، بەڵام گلگامێش شکست دەهێنێت و هەر لەوێدا ئۆتناپیشتیم داوای لێدەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی، کە لێی هاتووە، کاتێک گلگامێش دەیەوێت بگەڕێتەوە و سواری کەشتییەکەی بێت، ژنی ئۆتناپیشتیم  پێی دەڵێت ، ئەو دەیەوێت دیارییەکی پێ بدات، پێی رادەگەیەنێت گەر گلگامێش دەستی بگاتە ژێر دەریالوشی گەورەی “ئاپسو” ئەوا لەوێ رووەکی ژیان هەیە، کە هەمیشە بە نەمری دەمێنێت و نامرێت.

پاشان گیلگامێش زۆر سوپاسی دەکات و دەچێتە  بنی ئەو دەریایە و رووەکی ژیانی دەستدەکەوێت. بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئوروک، لە رێگادا لە کەنار  گۆمێک  لادەدات و ئاودەخواتەوە و پاشان مەلە دەکات، بەڵام لە پڕێکدا مارێک پەیدا دەبێت و رووەکی ژیان دەبات و دەیخوات، ئەوکاتە باوەڕدەهێنێت بەوەی کە هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگا لە مردن بگرێت، بۆیە گلگامێش لەکاتەدا هەوڵ دەدات پێناسە بۆ ژیان و مردن بگۆڕێت، بەجۆرێک وتی “گەر جەستەیی من بدۆڕێم بە مەرگ ئەوا من لە ژیانێکی شیاستە و شیاودا وەها دەژیم و کاردەکەم کە بە مەعنەوی و کردارەکانم لە مەرگ بەرمەوە و تا مرۆڤایەتی هەیە باسم بکات”.

کاتێک، دەگەڕێتەوە و تەماشەیەکی شارە گەورەکەی و ئەو شوورایەی دەوری شارەکەی دەکات، کە خۆی دروستی کردووە، بیرلەوەدەکاتەوە کە ئەگەر فەرمانڕەوایەکی باش بێت بۆ خەڵەکەکەی و شارەکەی ئەوا بە نەمری دەمێنێتەوە، لە کۆتای داستانەکەدا گلگامێش دەمرێت و هەمووان بۆ مردنی خەمبار دەبن و دەزانن هەرگیز جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەکی وەک گلگامێش باش و لێهاتوو فەرمانڕەواییان ناکات.

ئێستا و دوای تێپەڕوونی ئەو هەموو ساڵە، باس لە داستانی گلگامێش دەکرێت و ناوەکەی بە نەمری ماوەتەوە.

جلجامش وأنكيدو – صندوق لابانشي

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا