پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ژمارەیەک خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر چوونە بەبەردەم بینای ئەنجوومەنی وەزیران و داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەرێم کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2023، خاوەن یەکەکانی پرۆژەی ”کاپیتاڵ تاوەرز” لە شاری هەولێر گردبوونەوە و داوا دەکەن بەدواداچوون بکرێت بۆ کێشەی وەستانی کارەکانی پرۆژەکە بکرێت.
بە ووتەی هاوڵاتییان، ئەو پرۆژە نیشتەجێبوونە لە مانگی 12ـی ساڵی 2020ەوە دەستکراوە بە درووستکردنی و بەڵێنی ئەوە بە کڕیارانی دراوە کە لە ماوەی دوو ساڵ و لە مانگی 12ـی 2022، تەواو دەبێت و رادەستی کڕیاران دەکرێت. بەڵام بە ووتەی خاوەن یەکەکانی ئەو پرۆژەیە، “پرۆژەکە نەک هەر تەواو نەکراوە و وەستاوە، بەڵکو کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە یەکەکانی بە زیاتر لە چەند کەسێک فرۆشتووە”.
بە ووتەی ئەو کەسانەی لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران گردبوونەوە، “یەکە هەیە کە دوو تا سێ خاوەنی هەیە و موڵکەکان بێ پرسی خاوەنەکانیان فرۆشراون”.
ئەوان دەڵێن پێشتر چەند جارێک سەردانی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر کردووە و بەڵام هیچ لایەنێک بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتوون.
خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن وەڵام بە داخوازییەکانیان بدەنەوە و لایەنی جێبەجێکار ناچار بکرێت بە تەواوکردن و رادەستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە خاوەنە راستەقینەکانیان لە پێناو زیاتربوونی متمانەی هاوڵاتییان بە کەرتی خانووبەرە.