مەترسییە گەورەکە.. عێراق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

پۆڵەتیک پرێس

لەچەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژئاوادا باس لەوەکراوە، عێراق یەکێکە لەبژاردەکانی هێرشکردنەسەر ئیسرائیل لەحاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگی تەواوەتی لەگەڵ ئێران، بەتایبەت کە ئێران چەندین میلیشیای لەو چوار وڵاتەدا هەیە کە یەکێکیان عێراقە، ئەمەش ئەگەرەکانی بۆردومانکردنی عێراق لەلایەن ئیسرائیل لەداهاتوودا زیاددەکات.

لەگۆڤاری فۆربسی ئەمریکیدا ئاماژە بەوەکراوە، لەحاڵەتی زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و گەیشتن بەجەنگی گشتگیر، ئیسرائیلییەکان ڕووبەڕووی هێرشی ئەو میلیشیایانە دەبنەوە کە لەلایەن ئێرانەوە لەچوار وڵات پاڵپشتی دەکرێن کە یەکێکیان عێراقە.

ئەو گۆڤارە ئاماژەی بە سوپای پاسدارانی ئێران کردووە و دەڵێت: سوپای پاسداران لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆڕێکی بەرفراوانی لەمیلیشیاکان پێکهێناوە کە لەبەرژەوەندی ئێران کاردەکەن، لەوبارەیەوە نادر ئۆسکۆی، شارەزا لەکاروباری ئێران باس لەوەدەکات، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران لەسەرانسەری ناوچەکە نزیکەی 200 هەزار کەسی کردووەتە سەرباز و چەکدار.

بەپێی گۆڤارەکە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سوپای پاسداران ئەم میلیشیا و کۆمەڵانەی پڕچەک کردووە و موشەکی دوورمەودا و وردی داونەتێ، هاوکات هاوکاری زۆرێک لەو میلیشیایانەی کردووە لەپەرەپێدانی توانا و لێهاتووییان بۆ بەرهەمهێنانی ئەم چەکانە.

ئەم موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران کە لەعێراقدان، لەکۆتاییدا دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل

لەعێراق گۆڤاری فۆربس ئاماژەی بەوەکردووە، لەساڵی 2018 سوپای پاسدارانی ئێران کۆمەڵەیەکی بچوک لەموشەکە بالیستییە کورتمەوداکانی گواستووەتەوە بۆ میلیشیا عێراقییەکان، ئەم هەنگاوەش بەشێک بووە لەپلانی خۆئامادەکردن بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکا یاخود ئیسرائیل.

هەر بەپێی گۆڤارەکە، ئێران هاوکاری میلیشیاکانی کردووە لەدامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی موشەک، لەتەمموزی ساڵی 2020یشدا، ڕێکخراوی بەدر چەند موشەکێکی ئاشکراکرد کە لەبەرهەمهێنانی ناوخۆیی بوون و هاوشێوەی موشەکە ئێرانییەکان بوون.

لەلایەکی دیکەوە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان “درۆن” کە لەنیسانی ئەمساڵیشدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری پێکرایە ئامانج، لەعێراق کۆدەکاتەوە و لەوێشەوە ئاراستەی ئامانجەکانی دەکات، ئەم موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران کە لەعێراقدان، لەکۆتاییدا دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل بەتایبەت لەحاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران لەداهاتوودا.

گۆڤاری فۆربس ئاماژەی بەوەکردووە، لەساڵی 2019ەوە ئیسرائیل درکی بەم هەڕەشانەی ئێران کردووە، هەر ئەوەش بوو هۆکاری پشت بەئامانجگرتنی دەستەی حەشدی شەعبی لەسەرانسەری عێراق.

لەپاڵ عێراقدا، ئێران لەیەمەن و لوبنان و سوریاشدا میلیشیای هەیە و بەبەردەوامی دژی نەیارانی پڕچەک و موشەکیان دەکات

لەپاڵ عێراقدا، ئێران لەیەمەن و لوبنان و سوریاشدا میلیشیای هەیە و بەبەردەوامی دژی نەیارانی پڕچەک و موشەکیان دەکات، بەنمونە لەیەمەن کۆمەڵەی حوسییەکان چەندین جۆر موشەکی بالستی و فڕۆکەی درۆنی پەرەسەندوو بۆ بەئامانجگرتنی سعودیە بەکاردەهێنن، کەبەپێی ڕاپۆرتەکە هاوکاری تەکنیکی و توانای چەکداری لەلایەن ئێرانەوە دەگاتە دەستی حوسییەکان تا ئەم چەکدانە بەرهەمبهێنن.

لەلایەکی دیکەوە گۆڤارەکە لەبارەی لوبان ئاماژە بەوەدەکات، یەکێک لەبریکارە سەرکەوتووەکانی ئێران حزبوڵـڵایە کە لەساڵی 1982 لەلایەن سوپای پاسداران لەژێر ڕۆشنایی داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر لوبنان دامەزرا و بۆماوەی 18 ساڵ لەباشوری لوبنان دژی ئیسرائیل جەنگا هەتا لەساڵی 2000 پاشەکشەیکرد.

هەرچی لەبارەی سوریاشەوەیە بەپێی گۆڤاری فۆربس، ئێران هەوڵدەدات هاوپەیمانەکانی لەناو خاکی سوریا ئامادەبکات تا بتوانن خۆیان موشەک بەرهەمبهێنن و پەرەیپێبدەن، کە ئەمەش دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل.

هەموو ئەم پەرەسەندنە سەربازی و موشەکییانەی ئێران لەم چوار وڵاتە، ڕەنگە داهاتووی ناوچەکە بکاتە داهاتوویەکی خوێناوی پڕ لەجەنگ لەحاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا