كازمی روو لە ئەمریكا و ئەوروپا و پشت لە شورای چین دەكات

پۆڵەتیك پرێس

پێچەوانەی هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی، مستەفا كازمی دەیەوێت داهاتووی عێراق و چارەنوسی سیاسی خۆی بە ئاڕاستەی ئەمریكاو وڵاتانی زلهێزی ئەوروپیدا بەرێت.

ئەو هەوڵەی كازمی تەواو پێچەوانەی سەرۆك وەزیرانی پێشووە، چونكە عادل عەبدولمەهدی پێش دەستلەكاركێشانەوەی خواستی نزیكبوونەوەی لەگەڵ وڵاتی چین هەبوو، بەوهۆیەشەوە سەردانی ئەو وڵاتەی كرد.

كازمى دەیەوێت لەرێگەی راكێشانی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانەوە گەشە بە ئابوری وڵاتەكەی بدات

رۆژی 18ی ئەم مانگە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانی هەریەك لە وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای كرد، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە چەند پێش ئەو سەردانەی ئەوروپا سەردانی ئەمریكاشی كردبوو.

كازمی لە سەردانی ئەو وڵاتانەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی عێراقی كرد، هەروەك دەیەوێت لەرێگەی راكێشانی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانەوە گەشە بە ئابوری وڵاتەكەی بدات.

ئەوەی جێگای پرسیارە مستەفا كازمی بۆچی دوای دەست بەكاربوونی رووی لە وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپاكرد، بە پێچەوانەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە رووی لە وڵاتی چین كرد و گرێبەستی ستراتیجی ئابوری لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆكرد.

 

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق رووی لە وڵاتی چین كرد و گرێبەستی ستراتیجی ئابوری لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆكرد

بە بۆچوونی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا چەندین هۆكار هەن كە وا دەكەن كازمی لەبری چین روو لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بكات.

عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “بەبێ هاوكاری و پشتیوانیەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورپا عێراق ناتوانێت بەسەر كێشەكاندا سەركەوێت مستەفا كازمیش بەباشی ئەمە دەزانێت، چونكە ناوچەكە لە دەسەڵاتی ئەواندایە لە ڕوی سەربازییەوە و ئەوان هاوكاری سەربازی عێراقیان كرد بۆ رزگار بوون لە داعش و دەبێت بەرژەوەندی ئابوری ئەمەریكا و ئەوروپا بپارێزێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، چین و وڵاتانی دیكە ناتوانن هاوكاری سەربازی عێراق بكەن بۆ رووبەڕووبووونەوەی تیرۆرستان، چونكە تیرۆر و داعش هێشتا كوتاییان پێ نەهاتووە، پاشان چین تەنها بواری ئابوری دەوێت و ناتوانیت هاوكاری سەربازی بۆ عیراق دابین بكات.

لەئێستادا عێراق لەبارێكی ئابوری سەختدایە و ئاڵۆزی سیاسی و پەتای كۆرۆنا هێندەی دیكە كاریگەرییان لەسەر باری ئابوری داناوە، جگە لەوەش كازمی یەكێك لەو بەڵێنانەی بە خۆپیشاندەران و رای گشتی عێراقی داوە ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەركردنی كێشە ئابورییەكانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نەیتوانیوە لەم رووەوە هەنگاوی دڵخۆشكەر بنێت.

 

شارەزایان: چین و وڵاتانی دیكە ناتوانن هاوكاری سەربازی عێراق بكەن، پاشان چین تەنها بواری ئابوری دەوێت و ناتوانیت هاوكاری سەربازی بۆ عیراق دابین بكات

بەرای ئابوری ناسان ئەگەر كازمی نیازی وابێت كۆمپانیا ئەمریكی و ئەوروپییەكان بانگهێشت بكات بۆ وەبەرهێنان لە عێراق ئەوە كارێكی زەحمەتە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە ناڕۆنە شوێنێك كێشەی ئەمنی و سیاسی تێدابێت.

ئەمیر قەساب ئابوریناس بۆ پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، كێشەی هەرە سەرەكی لە عێراق و وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە كە هەر رێككەوتنێك یان پەیماننامەیەك لەگەڵ وڵاتێكی بیانی واژۆ دەكەن تاكاتێك ئەو رێككەوتنە كاریگەری هەیە و كاری پێدەكرێت ئەو كەسە خۆی لەسەر حوكم بێت بەرۆشتنی هەموو ئەو رێككەوتن و پەیماننامانەش پوچەڵ دەبنەوە.

وتیشی، “وەك بینیمان عادل عەبدولمەهدی بە شاندێكی باڵای عێراقەوە رۆشت بۆ چین و گرێبەستی ستراتیجی واژۆكرد لەگەڵ ئەو وڵاتە كەچی ئێستا كازمی كار بەو گرێبەست و رێككەوتنانە ناكات”.

ئەو ئابوریناسە ئەوەی خستەڕوو، عێراق لە چەقی ململانێكانی هیلالی شیعیدایە، بوونی گرووپی چەكدار و میلیشیاش لە عێراق بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دادەنرێت، بەردەوامی هێرشەكان بۆ ناوچەی سەوز و بنكەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئاماژەن بۆ ئەوەی عێراق وڵاتێكی ئارام نییە بۆ هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا