قوباد تاڵەبانی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە عێراق تاوتوێدەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران پێشوازیكرد لە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی توركیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێ شەمە، 28ی نۆڤەمبەری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، مەولود یاكوت كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باسی دۆخی عێراق بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی كرا.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكوەزیران جەختی كردەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەڕێی گفتوگۆوە و رایگەیاند، یەكگرتوویی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان كاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و بە تایبەتیش هەڵبژاردنەكان لە كەركوك كرا. هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی ئارام و بێ كێشەدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقدا تەواو ببێت.

سەبارەت بە دۆخی كەركوكیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەكرێت لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەكە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەكانی سەرۆك مام جەلال، بۆ ئەوەی كەركوك ببێتە شارێكی نمونەیی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكاندا و هیچ لایەنێك هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەكات.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و كێشەی بەشە بودجەی هەرێم كرا.

لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆكوەزیران هیوای خواست بە زوویی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، راشیگەیاند، پێویستە لەنێوان هەرێم و بەغداد رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن بكرێت كە تیایدا بەشی زۆری كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت و كێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا