لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەست، چاوەڕوان دەکرێت بارمتەی زیاتر ئازادبکرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئیسرائیل و حەماس، رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە و چاوەڕوان دەکرێت بارمتەی زیاتر ئازادبکرێت و حەماسیش دەڵێت، “دەمانەوێت لەگەڵ هێزی داگیرکەر بگەینە رێککەوتنێکی نوێ”.

درەنگانی شەوی رابردوو، بزووتنەوەی چەکداری حەماس لە فەڵەستین، 11 بارمتەی ئیسرائیلییان لە رێگەی خاچی سووری میسڕییەوە رادەستی ئیسرائیل کردەوە و بەمەش کۆی گشتیی بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل گەیشتنە 69 هاوڵاتیی.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست، کە پێشتر بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 5ـی ئێوارە کۆتایی پێبێت. چاوەڕوان دەکرێت بارمتەی زیاتری نێوان هەردوولا ئازاد بکرێن.

بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، ئەوان لەگەڵ ‘هێزی داگیرکەر’ دەیانەوێت مەرجەکانی ئاگربەست فراوانتر بکەن و بۆ لەمەودوا ئازادکردنی بارمتەکان، سەرباز و پیاوەکانیش بگرێتەوە.

ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، بۆ ئازادکردنی هەر 10 دیلێک، یەک رۆژ ئاگربەست لە کەرتی غەززە رادەگەیەنن.

ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هیچ رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە نەداوە بەڵام لە پشتڕاستکردنەوەیەکی ناڕاستەوخۆدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، حکومەت رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی 50 زیندانی ژن بۆ لیستی فەلەستینیەکانی بۆ ئەوەی ئەگەری ئازادکردنیان هەبێت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلییەکانی دیکە ئازاد بکرێن.

حەماس لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، ‘گەورەترین هێرش’ـی خۆی لەماوەی 75 ساڵی رابردوودا کردە سەر ئیسرائیل و باشووری ئەو وڵاتە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی تەلئەڤیڤ، تەنها لەو رۆژەدا زیاتر لە 1200 هاوڵاتیی لە ئیسرائیل کوژران و 240 کەسی دیکەش بە بارمتەگیران.

لە وەڵامی هێرشەکەی حەماسیشدا، لە هەمان رۆژەوە ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززەی بۆردومان کردووە و هێرشی زەمینی لە باکووری وڵاتەکەی ئەنجامداوە. حکومەتی غەززە کە سەر بە حەماسە، دەڵێت زیاتر لە 15 هەزار فەلەستینی کوژراون و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا