پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و بەرپرسانی دیکەی حکومی، پێنجەمین پێشەنگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب کرایەوە و بڕیارە 10 رۆژ بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لەتیف نێروەی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حزبی و حکوومی، دەرگای پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب کرایەوە.
بڕیارە پێشانگەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت و لە رێککەوتی 23/11/2023 تاکو 2/12/2023 و رۆژانە لە کاتژمێر 9ـی بەیانی بۆ 5ـی ئێوارە کراوە دەبێت و پێشوازی لە خوێنەران و دۆستانی کتێب دەکات.
زیاتر لە 200 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی ناوخۆیی و 20 وڵاتی جیهانی بەژداری لە پێشانگاکە دەکەن و نرخەکان بە دوو جۆر دەبێت، جۆرێکیان کە داشکاندنی ناوەندەکانە بەبۆنەی پێشانگاکە کە تا نزیکەی ٪30 دەبێت و جۆرێکی دیکەشیان نرخی فەرمی سەر بەرگی کتێبەکانە.
جۆری ئەو کتێبانەی کە لە پێشانگەکەدا نمایشدەکرێن بریتین لە ئەدەبی، کلتووری، مێژوویی، ئایینی، نەتەوەیی، شعر، وێژە، زانستیی، کۆمەڵناسی، رۆمان، چیرۆک، کۆمەڵایەتیی، هونەری فەلسەفیی و چەندین جۆری دیکەش.