ئاماری نوێی قوربانییانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس بڵاوکرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نووسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی فەلەستین رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان بەهۆی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 12 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی فەڵەستین هاتووە، “لەو ژمارەیە زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و سێ هەزار و 300 گیانیان لەدەستداوە و هاوکات 30 هەزاری دیکەش برینداربوون”. هەروەها 3 هەزارو 750 کەسیش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکە، لە یەکەم رۆژی هەڵگیرسانی شەڕەکەوە تا ئێستا، زیاتر لە 200 کارمەندی تەندرووستی و پزیشک، 22 کارمەندی بەرگری شارستانی و 51 رۆژنامەنووس، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی تەلئەڤیڤ، هەزار و 200 کەسە و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە گیراون.

راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستووتەروو،”بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەوە، 25 نەخۆشخانە و 52بنکەی چاودێری تەندروستی چۆڵکراون هاوکات 55 ئەمبولانس لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج”.

لە دوای هێرشە بەرفراوانەکەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە 7ـی تشرینی یەکەم, ئیسرائیل هێرشی بێوچانی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد. لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، هەزاران باڵەخانە، لەوانە نەخۆشخانە، مزگەوت و کڵێسا، زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا