پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ئەنفلۆنزاوە هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە و نیشانەکانی و ڕێگاکانی خۆپارێزی لێی دەخاتەڕوو.
تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەنفلۆنزا نەخۆشیەكی ڤایرۆسیە و زیاتر لەكاتی سەرما و لەوەرزی پایز و زستاندا بڵاودەبێتەوە و چەند نیشانەیەكی هەیە، كە دیاترینیان بریتیە لە تا، ئازاری جەستە و ماسولكە و هەستكردن بەماندوێتی، ئاوسانی قورگ، ژانەسەر، ئاو لەلوت هاتنەخوارەوە و گیرانی لوت.
ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگاکانی خۆپاراستن بریتین لە، دوورکەوتنەوە لەوانەی نیشانەی ئەنفلۆنزایان لێدەرکەوتووە، بەکارهێنانی دەستەسڕ یان ماسک لەلایەن کەسانی توشبوو بەتایبەتی لەکاتی کۆکە و پژمە، شوشتنی دەستەکان بەباشی بە ئاو و سابوون، دوورکەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵخ، هەواگوڕکێکی بەردەوام لە شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها کوتان کە باشترین شێوازی خۆپاراستنە.
ڕوونیکردەوە، لەکاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا، کەسی توشبوو پێویستە پشوو وەربگرێت، شلەمەنی و شۆربا و شەربەتی پڕ ڤیتامین سی بخواتەوە و تێکەڵی و هاتووچۆ کەم بکاتەوە.
جەختیکردەوە، لەکاتی توندبوونی نیشانەکان لە کەسی توشبوودا، وەک تەنگەنەفەسی، کۆکە و بەڵغەم، پێویستە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات.