پێنتاگۆن ژمارەی ئەو هێرشانە ئاشكرا دەكات لەماوەی 10 رۆژدا كراونەتە سەر هێزەكانیان لە عێراق و سووریا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت، لە رۆژانی نێوان 17 و 27ی ئەم مانگەدا 20 جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا- پێنتاگۆن لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەو هێرشانە كرد كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە عێراق و سووریا كراونەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و رایگەیاند، لە 17 تاوەكو 27ی تشرینی یەكەم، هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لانیكەم 14 جار لە عێراق هێرشیان كراوەتە سەر و لە سووریاش شەش جار بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و رۆكێت هێرشكراوەتە سەریان، واتە بەگشتی 20 هێرش كراون و زۆربەی هێرشەكانیش لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە شكستیان پێهێندراوە.

پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش كردووە، لە دوو لەو هێرشانەی كە بە درۆن كراونەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق و بنكەی تەنەف لە سووریا 21 پێرسۆنێلی ئەمریكی برینداربوون.

هەر لەو راگەیەندراوەیدا، پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە كردووە، هێرشیان كردووەتە سەر دوو كۆگای چەك و تەقەنیی هێزەكانی سوپای پاسداران و هێزەكانی نزیك لێیان و دەشڵێت، فڕۆكە جەنگییە سەربازییە ئێف 16 و ئێف 15ەكانی ئەمریكا لە 26ی تشرینی یەكەمدا چەند هێرشێكی بەرگریكارانەیان كردە سەر كۆگەی چەك و تەقەمەنی لە ناوچەی ئەبوكەمال لە سووریا كە لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپەكانی نزیك لە سوپای پاسداران بەكاردەهێندران و هەردوو كۆگەكە لەناوبران.

هێرشكردنە سەر هێزەكانی نزیك لە ئێران، بەوتەی پێنتاگۆن، پەیوەندی بە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەكدارەكانی غەززەوە نییە و دەڵێت، ئەو هێرشانە ئامانج لێیان بەرگریكردنە و بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە كارمەندانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا كراون و جیاوازن لەو ململانێیەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستناكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا