هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لەبەردەم رەحمەتی هێرشی مووشەك و درۆندا

پۆڵەتیك پرێس

رۆژی پێنجشەممە دووبارە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە ئاراستەكردنی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان كرایە ئامانج.

ئەو هێرشانە لەلایەن گرووپێك بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیك لە حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن و بەرپرسیارییەتی هێرشەكانیش لە میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی بڵاو دەكرێنەوە.

لە 17ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، بە ئاراستەكردنی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە لە عێراق، ئەمە 15 هەمین جارە بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەكرێنە ئامانج كە بەهۆیەوە 24 سەرباز برینداربوون و هاووڵاتییەكی ئەمریكی كە وەك بەڵێندەر لە بنكەی تەنەف لە سووریا كاری دەكرد، گیانی لەدەستداوە.

لە 17 ی ئەم مانگەوە تائێستا 15 هێرشكراوەتە سەربنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا

لەو 15 هێرشەدا، دە هێرشیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد و سێ دیكەشیان بۆسەر بنكەی تەنەف، یەكێكی دیكەیان بۆسەر خەراب ئەلجیر، هەروەها هێرشەكەی دیكەیش بۆسەر بنكەی هەریر ئەنجامدراون.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاندووە كە ئەنجامدانی هێرشەكان بۆسەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە وەڵامی ئەو هێرش و بۆردومانانەیە كە سوپای ئیسرائیل لە 7 ی ئەم مانگەوە بۆسەر كەرتی غەززە ئەنجامی دەدەن.

لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ترسی ئەوە هەیە كە شەڕەكەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەكدارەكانی فەڵەستین لە كەرتی غەززە لە ناوچەكە فراوانتر بێت.

یەكەم هێرش لە 17 ی ئەم مانگە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆسەر بنكەی تەنەف لە سووریا كە هێزەكانی ئەمریكای تیایدا جێگیركراون، ئەنجامدرا، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا،بە دوو هێرشی جیا لەڕێگای ئاراستەكردنی ژمارەیەك مووشەكەوە، لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی هێرشكرایە سەر بنكەی عەین ئەسەد.

لە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لەڕێگای ئاراستەكردنی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە، هێرشكرایە سەر بنكەی هەریر لە پارێزگای هەولێر كە هێزەكانی ئەمریكای تیایدا جێگیركراوە.

گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی عێراقی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكان راگەیاندووە

هەر هەمان ڕۆژ، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر بنكەی هەریر ڕاگەیاند.

دوای ئەوە لە ڕۆژی 19ی مانگ تا ئێستا دە هێرش لەڕێگای ئاراستەكردنی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە، بۆسەر بنكەی عەین ئەسەد ئەنجامدراون.

رۆژی چوارشەممە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن)، پاتریك رایدەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی هێرشی سەر بنكەكانی هێزەكانیان لە عێراق و سووریا كرد و ڕایگەیاند: لە 17ی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستا 13 جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بە جۆرێك لە عێراق دە جار و لە سووریاش سێ جار.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هێرشەكان لە لایەن ئێران و سوپای پاسدارانەوە پێشتیوانیان لێ دەكرێت، وتی: ئەگەری ئەوە دەدەین كە لە داهاتوودا هێرشی گرووپەكانی نزیك لە ئێران و بە گشتی ئێران خۆی، بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە زیاد بكات.

بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری ڕومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار و یەكێكە لەو بنكانەی كە ڕاوێژكارانی سەربازیی ئەمریكای تیایدا جێگیركراون.

زیاتر لە 10 دەزگای سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە عێراق، سووریا و وڵاتانی كەنەداو جێگیر دەكرێن

لەئێستادا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریكا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بنكەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار، بنكەی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنكەی هەریر سەربە پارێزگای هەولێر و جێگیركراون.

هەروەها بەپێی زانیارییەكان لەئێستادا، سێ هەزار سەربازی ئەمریكا لە بنكەكانی رومێلان، مەبروكە، خەراب ئەلجیر ، عەین عیسا، عەین عەرەب، شەدادی، تەل ئەبیەز، تەل بەیدەر و تەنەف لە سووریا جێگیركراون.

ــ هەڵوێستی حكوومەتی عێراق لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول ڕایگەیاندووە، هێرشكردنە سەر ئەو بنكە سەربازییانەی عێراق كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جیگیركراون و ڕەتدەكەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، بێ دەنگ نابن.

لە وەڵامی زیادبوونی هێرشی مووشەكی و درۆنی بۆ سەر سەربازانی ئەمریكا لە ناوچەكە، پێش رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، زیاتر لە 10 دەزگای سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە عێراق، سووریا و وڵاتانی كەنەداو جێگیر دەكرێن.

بە گوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، ژمارەیەك بەرپرسی پێنتاگۆن ئاماژەیان بەوە كردووە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا سیستمی THAADی ناردووەتە سعودیە و سیستمی بەرگریی پاتریۆتیش لە عێراق، كوێت، ئوردن، قەتەر، ئیمارات و سعویە جێگیردەكات.

بەرپرسانی ئەمریكی بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، سیستمەكان پێش 29ی تشرینی یەكەم جێگیردەكرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا