قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازی ئەمریکا کۆبووەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە وەفدێکی باڵای سەربازی ئەمریکا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ ڤۆوڵ، فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، کرد و  لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووداوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێکران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە21ی ئەیلول، لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و لیوا بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە دۆخی ئەمنی ناوچەکە بە گشتی ئاڵۆز بووە و پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، جەختیشان کردەوە لەسەر پێویستیی دانانی وەزیرێکی پێشمەرگە بە وەکالەت تا بتوانێت هەماهەنگی دروست بکات لەنێوان ئەو هێزانەدا بۆ کاری هاوبەش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە پرۆسەی چاکسازی وەک پێویست بەڕێوەناچێت، هەربۆیە کاندیدێکیان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەستنیشان کردوە، هیواشی خواست رێوشوێنەکانی دەستبەکاربوونی بە خێرایی تەواو بکرێت تا جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بەو جۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە.

هاوکات، تاوتوێی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژە تیرۆرکرا لە فڕۆکەخانەی عەربەت. وەفدی سەربازی ئەمریکا بەبۆنەی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ بریندارەکانیش خواست.

جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هێزەکانی دژە تیرۆر بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو هاوپەیمانێکی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون لە بەرەنگاربوونی تیرۆر لە ناوچەکەدا و دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانەش مەترسی گەورە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەش دروست دەکات، ربۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست هەڵوێستی جدی و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا