وەزارەتی پەروەردە هۆشداری بەو شوفێرانە دەدات قوتابییان دەگوازنەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، شۆفێرانی پاس و تەكسی كە گواستنەوەی منداڵانی باخچە و قوتابییان ئەنجامدەدەن، دەبێت ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شۆفێری (كارتی زانیاری یان نیشتمانی) پێشكەش بە كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن بكەن، هەروەها ئاماژە بەوەدەكات، هەر رەفتارێكی دوور لە رەوشتی بەرز و دابونەریتی كۆمەڵایەتی بەرامبەر هەر قوتابییەك ئەنجامبدرێت، جیا لە بەخێوەكەرەكانیان وەزارەتی پەروەردە سكاڵاكار دەبێت.

رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەركرد و بەڕێوەبەرایەتی گشت پەروەردەكانی هەرێمی كوردستانی ئاگەداركردووەتەوە، كە تێیدا هاتووە، پێویستە لە گواستنەوەی قوتابیان بە پاس و تەكسی ئەم خاڵانە پەیڕەو بكرێت، یەكەمیان، شۆفێرانی پاس و تەكسی كە گواستنەوەی منداڵانی باخچە و قوتابییان ئەنجامدەدەن، دەبێت ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شۆفێری (كارتی زانیاری یان نیشتمانی) پێشكەش بە كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن بكەن.

لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، بەڕێوەبەری ناوەندەكانی خوێندن دەبێت تەواوی دۆكۆمێنت و زانیارییەكانی كە لە خاڵی یەكەم باسی لێوەكراوە بدەنە بنكەی پۆلیسی سنوورەكەیان، هەروەها لە خاڵێكی دیكەدا دەڵێت، هەر شۆفێرێك پابەند نەبوو بە رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و سكاڵای لەسەر كرا، پاش ساغبوونەی راستییەكان، پێویستە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی(پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان) داوا بكات لە لیژنەی قایمقامییەت كە رێگەی پێنەدرێت كاری گواستنەوەی قوتابییان بكات.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشداوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا دەبێت هەماهەنگی بكات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سنوورەكەیان بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەك بۆ پێدانی رێنوێنی و هۆشیاری بۆ شۆفێرانی گواستنەوەی قوتابیان رێكبخەن، كە شۆفێر پێویستە پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆ بێت، بە تایبەتر نابێت رێگە بدرێت قوتابییان دەستیان دەربهێنن لە جامی ئۆتۆمبێلەكان، دەنگی بەرزی تەسجیلی ئۆتۆمبێلەكانیان، رەفتار و پەیامی ناپەروەردەیی و نەگونجاو، هەروەها پێویستە شۆفێران پابەندبن بە لێخوڕینی یاسایی دیاریكراو لەسەر شەقامەكان چونكە دەبێت لە هەموو كات زیاتر بزانن كە گواستنەوەی قوتابییان بەرپرسیاریەتییەكی هەستیارە و بەخێوكەرانیان لەگەڵ نییە.

هاوكات خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەكات، هەر رەفتارێكی دوور لە رەوشتی بەرز و دابونەریتی كۆمەڵایەتی بەرامبەر هەر قوتابییەك ئەنجامبدرێت، جیا لە بەخێوەكەرەكانیان وەزارەتی پەروەردە سكاڵاكار دەبێت، دەشڵێت: پێویستە نوێنەر و بریكارە یاساییەكانی وەزیری پەروەردە لە هەر حاڵەتێكی لەو جۆرە كەمتەرخەمی نەنوێنن و راستەوخۆ داوای یاسایی تۆمار بكەن.

وەزارەتی پەروەردە جەجت لەوەش دەكاتەوە، شۆفێرانی پاس و تەكسی گواستنەوەی قوتابییان نابێت بارگرانی لەسەر خانەوادەی قوتابییان دروست بكەن ئەگەر كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن داواكارییان لێبكەن بڕە پارەیەك بدەنە كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن، هاوكات دەڵێت: هەر زانیارییەك بگاتە وەزارەت لەو بارەیەوە راستەوخۆ دەدرێتە لیژنەی بەدواداچوون یان لێكۆڵینەوە پاشان بەرامبەر هەردوولایان رێكاری یاسایی پێویستە دەگیرێتەبەر.

لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەدا وەزارەتی پەروەردە، باس لەوە كراوە، سەرپێچی رێنماییەكانی هاتووچۆییە ئەگەر پاسێك یان تەكسییەك زیاد لە ژمارەی رێگەپێدراو قوتابییان بگوازێتەوە، داوا دەكەین لایەنی پەیوەندیدار رێوشوێنی پێویست بەرامبەر سەرپێچیكاران بگرنەبەر.

وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتی بوونی سكاڵا لەسەر هەر سەرپێچییەك دەتواندرێت نامە بنێدرێت لە رێگای وەتساپ و ڤایبەرەوە بۆ ژووری سكاڵای ئەلیكترۆنی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارەكانی (07505103232) و (07505106262).

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا