قوباد تاڵه‌بانى ورده‌كاریی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاشكراده‌كات

پۆڵه‌تیك پرێس
جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “سه‌ره‌ڕاى تێبینیمان له‌سه‌ر یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى، به‌ڵام ئاماده‌ین یاساكه‌ جێبه‌جێبكه‌ین و گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام”.

قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن له‌ شارى به‌غداوه‌ وتى: “له‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌وه‌ لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ى یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى جێبه‌جێبكه‌ین، ئه‌م یاسایه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى له‌سه‌ردرا به‌بێ به‌شدارى كردنى كورد، سه‌ره‌ڕاى تێبینییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌م یاسایه‌ هاتووین جێبه‌جێى بكه‌ین”.

قوباد تاڵه‌بانى وتیشى:”چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومى و په‌رله‌مان و كه‌سایه‌تى سیاسى و كه‌سانى كاریگه‌ر، ده‌مانه‌وێت روونى بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ داوا له‌ هه‌رێم ده‌كات داهاتى نه‌وتى و نا نه‌وتى راده‌ست بكات ئاماده‌ین، ئێستا ئێمه‌ چاوه‌ڕێین له‌ حكومه‌تى فیدرالیه‌وه‌ پێمان بڵێت به‌رامبه‌ر به‌ راده‌ستكردنى داهاتى نه‌وتى و نا نه‌وتى به‌شى هه‌رێمى كوردستان له‌م یاسایه‌ چه‌نده”‌.

جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئه‌وه‌یخسته‌ڕوو، “چه‌ندین لێدوانم بیستووه‌ و بینیوه‌ له‌ كه‌سانى دیكه‌وه‌ كه‌ وتوویانه‌ دانووستانى هه‌رێم و ناوه‌ند شكستى هێناوه‌، من ده‌مه‌وێت خه‌ڵك دڵنیا بكه‌مه‌وه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك”.

ماوه‌ى شه‌ش رۆژه‌ شاندى دانووستانكارى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و شاندى یاوه‌رى له‌ به‌غدایه‌، به‌ مه‌به‌ستى رێككه‌وتن له‌باره‌ى پشكى كورد له‌ یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى، به‌ڵام تا ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌و باره‌وه‌ نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک