كاروان ئەنوەر وەڵامی ئازاد حەمەدەمین دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وەڵامی ئازاد حەمەدەمین دەداتەوە و دەڵێت، خەڵكی ژیرو هۆشمەند تەنها یەك جار وەڵام دەدرێنەوە، ئیتر پێویست بە قوڕ شێلان و خۆڵ بەسەر خۆكردن ناكات، بەڵام واپێدەچێت جەنابی نەقیبی رۆژنامەنووسان پێویستی بە دووجار وەڵامدانەوە هەبێت.

كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیاری لابردنی لە پۆستەكەیدا بڵاوكردەوە و وەڵامی ئازاد حەمەدەمین جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام لە رێگەی خۆمانەوە ئاگادارمان كردووەتەوە، لادانی سكرتێری لق كە بە كۆنگرە و كۆنفرانس دانرابێت، بەچوار ئیمزای گوماناوی زۆر مەبەستاوی داوایەكی بەتاڵە و كەس بە پولێك لێت ناكڕێت.

وەڵامێك بۆ ئازاد حەمەدەمین

مرۆڤە بەڕێزو سەنگینەكان هەرگیز كارێك ناكەن كە ببێتە مایەی ناوزڕاندن و شكستی كەسایەتیان، خەڵكی ژیرو هۆشمەند تەنها یەك جار وەڵام دەدرێنەوە، ئیتر پێویست بە قوڕ شێلان و خۆڵ بەسەر خۆكردن ناكات، بەڵام واپێدەچێت جەنابی نەقیبی رۆژنامەنووسان پێویستی بە دووجار وەڵامدانەوە هەبێت، جارێك دوو ساڵ لەمەوبەر لەدەنگی ئەمەریكاوە وەڵامم دایتەوە و ئەمجارەش لەپاش دیدارەكەی (روداو) شایان بەوەڵامی دووەم دەبیت.

ـ وەك پارێزەری یاسا و پەیڕەو هەمووكات وتوومانە: ئەم سەندیكایەی ئێمە پەیڕەوی ناوخۆ و یاسایەكمان هەیە كە لە پەرلەمانەوە دەرچووە، دڵنیام ناوی هەردووكیانت بیستووە، كەچی بەردەوام لە دەرەوەی پەیڕەو و یاسا دژی لقی سلێمانی دەوەستیتەوە.
ـ بەردەوام لە رێگەی خۆمانەوە ئاگادارمان كردویتەوە: لادانی سكرتێری لق كە بە كۆنگرە و كۆنفرانس دانرابێت، بەچوار ئیمزای گوماناوی زۆر مەبەستاوی داوایەكی بەتاڵە و كەس بە پولێك لێت ناكڕێت.

ـ ئەوەندە لەگەڵ یاسا بووین، وتومانە: ئەگەر كێشەیەكمان خوڵقاندووە، خوانەخواستە پارەیەكمان خواردووە، دوور بێت لە رووتان جوڵەیەكی نەخوازراومان كردبێت لێرە و لەوێ، دەتوانن گلەییمان لێ بكەن و تەنانەت رێگای دادگامان لێبگرن، نەك لە شاشەوە قسە و قسەڵۆك دروست بكەیت.

ـ چۆن لە پەرێزی پیشەیی خۆمان دڵنیابووین، پێمان وتوون: ئەگەر گومانت لە شتێك هەیە بەپێی یاسا لیژنەیەكی بۆ دروست دەكەین و لە نزیكەوە قسە لەسەر بابەتەكە دەكەین، نەك بە مەركەزیەت و خۆسەپاندن بڕیار بەسەر ئیرادەی سلێمانیدا بسەپێنیت.

ـ ئێمە خۆمان و لقی سلێمانیش بە نوێنەری سەرجەم رۆژنامەنووسان دەزانین، هەر بڕیارێك هەبێت یاسامان سەرپشك كردوە، كەچی تۆ بە پاڕانەوە و دەستوەردانی حزبی لەلایەن خۆتەوە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكەیت و ناهێڵیت رێكاری یاسایی بەرقەرار ببێت.
ـ لە هەموو كەس باشتر دەزانیت، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە و ئازادی رۆژنامەنووسی لە ترۆپكدایە، بەڵام تۆ سلێمانی بە كوێرە دێیەك تێگەیشتوویت بۆیە ئەو دەستە بخە ژێر سەرت.

ـ سەندیكا بەرەییە و لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی دامەزراوە، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، موڵكی تایبەتی تۆنیە یا حزبێكی دیاریكراو تا بە ئارەزووی خۆت خەڵك بهێنێت و خەڵك دەربكەیت!!!! هێواش هێواش كاكە.

ـ جوانترین سیفەتەكانی مرۆڤ راستگۆییە، ئەم دیدارەی ئەمڕۆتان لە روداو زیاتر هیستریاو پاڕانەوەو هەناسە بڕكێ بوو نەك وتنی راستیەكان.

ـ ئێمە لە سلێمانی هەرگیز وەك جەنابتان دەستوەردانی حزبی و نایاساییمان نەكردووە، ئەگەر پێویستیش بكات زۆر كاری وردتر و زیاتر دەخەینەڕوو سەبارەت بە كاری دوانزە ساڵی رابردووتان لەم سەندیكایە.

-لەبیرتان بێت تا ئێستا چەندین جار بڕیاری داخستنی لقی سلێمانی و لقەكانی تریشتان داوە بەڵام بۆتان نەچوەتە سەر..

-كاك ئازادی بەڕێز كاری سەندیكایی بە كۆنە قین ناكرێت، وشەی دەرمان كردوە لایەقی جەنابت نیە، تۆ نەقیبی من رێزت دەگرم لەچوارچێوەی كاردا، ئەگینا وەك بۆچوونی خۆم تۆ نە حاكمیت و نە ئازادیت و نە رۆژنامەنووسیت..

كاروان ئەنوەر

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

٢٦/١٠/٢٠٢٣

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا