بۆچی ئیسرائیل هێرشی زەمینی ناكاتە سەر غەززە؟ ئاڵنگارییەكانی بەردەم سوپای ئیسرائیل چین؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەكێك لەو پرسیارە سەرەكیانەی ئێستا سەبارەت بە ڕووداوەكانی فەلەستین دەكرێت، بریتیە لەوەی ئایا ئیسرائیل بەڕاستی بەم زووانە لە ڕێگەی وشكانییەوە هێرش دەكاتە سەر غەززە؟ مەترسیەكانی ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشكردنە سەر غەززە چین؟

بزووتنەوەی حەماس تاچەندە كاریگەری هەیە و تەكتیكە سەربازییەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزی زەمینی ئیسرائیل چین؟

لە كاتێكدا كە سوپای ئیسرائیل هێزەكانی خۆی لە دەوروبەری كەرتی غەززە كۆدەكاتەوە، پسپۆڕانی سەربازی پشتڕاستی دەكەنەوە كە ئەم سوپایە لە ئاسماندا باڵادەستە، بەڵام گومانیان لە یەدەگی تەقەمەنی و هێزی مرۆیی هەیە كە ڕێگەی پێبدات هێرشێكی زەمینی گەورە بۆ سەر غەززە ئەنجام بدات.

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی ئاماژەی بەوەكردووە، كە زیاتر لە بیست ساڵە “شەڕی دوور” ستراتیجی سەربازی ئیسرائیل بووە، چونكە هێزی سەرەكی سوپاكەی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتەیە، كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی كەرتی غەززە ئەنجام بدات.

هاتنە ناوەوەی هێزی زەمینی بۆ ناو غەززە گرەوێكی مەترسیدارە

 

لۆمۆند لە ڕاپۆرتێكی هاوبەشی نێوان پەیامنێرەكەی لە قودس، ساموێل فۆری و سەرنووسەری ڕۆژنامەكە، ئەلیس ڤینسێنت، ڕوونیكردەوە، ئیسرائیل ئەمجارە بڕیاریدا بە شێوەیەكی جیاواز لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەردەوام بێت كە هاتنە ناوەوەی هێزی زەمینی بۆ ناو غەززە لەخۆدەگرێت، كە گرەوێكی مەترسیدارە چونكە سوپاكەی لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا هێرشی زەمینی ئەنجام نەداوە، تەنها بە شێوەیەكی زۆر خێرا نەبێت لەسەر ئامانجە زۆر تایبەتەكان و هەموو ئەمانە بووە هۆی زیانێكی گەورە لە هەردوولا.

بەڕای پسپۆڕانی سەربازی سوپای ئیسرائیل كە هێزێكی پیادەی مەشقپێكراوی بەهێزی هەیە لەگەڵ حەوت لیوا كە هەر لیوایەك لە نزیكەی سێ هەزار كەس پێكهاتووە، دەتوانێت هێرشێكی زەمینی ئەنجامبدات و بچێتە ناو غەززە، بەپێی شێوازی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە لە 2017 لە دەستی داعش.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە كە ئامانجەكانی شەڕی ئیسرائیل لەم ململانێیەدا ڕوون نییە

بەڵام ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە پێویستی بە سەربازی ڕاهێنراو، لەكاتێكدا زۆربەی هێزە چالاكەكانی ئیسرائیل سەربازن (نزیكەی 100 هەزار كەس) و تا دەستبەجێ لیوای یەدەگ نەنێردرێت، بەزەحمەت زیاتر لە 30 هەزار سەرباز لەسەر زەوی جێگیر دەكات، لە بەرامبەردا توانای سەربازی حەماس نابێت نادیدە بگیرێت، سەرچاوەیەكی سەربازی مەزەندە دەكات كە “ڕەنگە زیانەكانی ئیسرائیل بگاتە هەزاران سەرباز”، بۆیە پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە لە كاتێكدا ئیسرائیل نزیكەی 360 هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشت كردووە، بەو هەموو سەربازو جبەخانەی كە هەیەتی سەركەوتوودەبێت لە هێرشی زەمیی؟

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە كە ئامانجەكانی شەڕی ئیسرائیل لەم ململانێیەدا ڕوون نییە، هەرچەندە هەندێك لە پسپۆڕانی سەربازی پێیان وایە پاڵنەری سەرەكی لە پشت هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، بۆ گەڕاندنەوەی ناوبانگەكەیەتی لە دوای شكستی سوپا لە ڕێگریكردن لەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس ئەنجامیدا لە حەوتەمی ئەم مانگەدا.

 هێرشی زەمینی لە غەززە مەترسی ستراتیژیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت

ڕووداوەكانی 7 ی ئۆكتۆبەر وەك هێرشێكی شۆككەر و لەناكاوی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێكردووە و پێشبینیش نەدەكرا بەرەو شەڕێكی تێچووی زۆر و درێژخایەن پەرەبستێنێت، ژینگەی ئاڵۆز و چڕ و پڕی شارەكانی غەززە وادەكات تێگەیشتن لەوەی چی ڕوودەدات قورس دەبێت بۆ هێزی زەمینی، و پلاندانەرانی سوپای ئیسرائیل نیگەرانن لە پەیوەندیكردنی یاریزانانی دیكەی ناوچەكە، وەك حزبوڵڵا، لە لوبنان یان میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سوریا، كە دەتوانێت شەڕێكی فرە بەرەیی بەرامبەر ئیسرائیل دروست بكات.

لەلایەكی دیكەوە هێرشی زەمینی لە غەززە مەترسی ستراتیژیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەو پێیەی لەناوبردنی موڵك و ماڵی خەڵك و كوشتنی خەڵكی مەدەنی و دەركردنی دانیشتووان – ئەو كارانەی كە زۆرێك بە پاكتاوكردنی نەتەوەیی دەزانن – لەوانەیە زیان بە شەرعیەت و ناوبانگی ئەخلاقی ئیسرائیل بگەیەنێت.

هاوكات مەترسی چوونە ناو غەززە مەترسییەكی جددیە، بەتایبەت بوونی تونێلەكانی حەماس، دەبنە سەركێشیەكی گەورە بۆ سوپای ئیسرائیل، بەهۆی تونێلەكانەوە كۆنترۆڵكردنی غەززە شەڕێكی تۆقێنەر دەبێت بۆ سەربازانی ئیسرائیل، چونكە حەماس بەشێوەیەكی فراوان پشت بە تونێلەكان دەبەستێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا