پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئامادەكارییان كردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە كە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
رۆژی یەكشەممە 22ی تشرینی یەكەمی 2023 ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە شاندێكی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر كە پێكهاتبوون لە ئان مەسون، بەرپرسی بەشی كاروباری سیاسی و ئابووری كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر و مایكل لومبەرادو، پاشكۆی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی لە دیدارەكەدا، تیشك خرایە سەر دوایین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئامادەبوونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەوە وەزیری دارایی رایگەیاند، توانیویانە بۆ سێیەم جار داتا و ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حكومەتی عێراق پشت راست بكەنەوە و خەرجی و داهاتەكانیش بە راپۆرتێكی وردو پڕ زانیاری پێشكەش بكەن.
لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەمدا بۆ نیشاندانی نیازپاكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا.
هەروەها ئاوات جەناب نووری بە شاندە ئەمەریكییەكەی راگەیاندووە، وەك وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەكاریمان كردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە كە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی هاتووە، وەزیری دارایی كورتەیەكی لەسەر هەنگاوەكانی پرۆژەی هەژماری من بۆ شاندەكە خستەڕوو، كە ئاماژەی بەوەكردووە، هەژماری من پرۆژەیەكی گرنگە بۆ چاكسازی و پەیڕەوكردنی شەفافیەت لە قۆناغی داهاتوودا، فەرمانبەرانی كەرتی تایبەتیش هەژمارەكەیان بۆ دەكرێتەوە و لەو رووەشەوە دەرگایان كراوەیە بۆ هەر هەماهەنگی و هاوكاریەك لەلایەن بانكەكانی ئەمەریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان.