موقتەدا سەدر پەیامێک بڵاودەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

موقتەدا سەدر داوا لە چوار وڵات دەکات سنوورەکانیان بۆ گەلانی عەرەبی و موسڵمان بکەنەوە بۆ ئەوەی لەسەر سنووری فەلەستین یارمەتییەکان بگەیەنن و تاوەکو لابردنی گەمارۆی سەر غەززە مانبگرن. سەدر داوای کرد لەو کارەدا نابێت هیچ حکومەت و لایەنێکی سەربازی دەستوەردان بکەن و وتی، “بەبێ چەک بێت و تەنیا کفن هەبێت.”

شەوی پێنجشەممە، 19-10-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، لەبارەی رەوشی غەززەی فەلەستین قسەیکرد بەبێ ئەوەی بچێتە وردەکاریی شەڕەکە و باسی هیچ گرووپێکی چەکداری فەلەستینی بکات، جەختی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و لابردنی گەمارۆی سەر غەززە کردەوە.

لە دەرکەوتنیدا بۆ پێشکەشکردنی وتارە ڤیدیۆییەکەی، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئاڵای عێراق و فەلەستین بە جیا لەلای راستی دانرابوو، لە پشتەوەشی نەخشەیەک کە ئیسرائیل و فەلەستینیشی تێدایە دەردەکەوێت، بەڵام ئەو نووسینانەی لەسەر نەخشەکە هەبوو ناوی هیچ شار و گوندێکی ئیسرائیلی تێدا نەبوو و لەبری ئەو نەخشەیەی ئێستا هی هەردوو وڵاتی فەلەستین و ئیسرائیلە؛ نووسراوە  فەلەستین، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی خاکی فەلەستین داگیرکراوە.

بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “گەردەلولی ئەقسا”ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.

ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، دواین ئامارەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سێ هەزار و 785 کەس زیادیان کردووە، لەنێویاندا هەزار و 524یان منداڵ و هەزاریان ئافرەتن و 120 کەسیان بەتەمەنن، جگە لەوەش 12 هەزار و 493 کەسی دیکەش برینداربوون سێ هەزار و 983یان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ئافرەتن.

وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە: “بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 44 کەس لە تیمە پزیشکییەکان کوژراون و 70شیان برینداربوون، 23 ئەمبوڵانیش کراونەتە ئامانج و لەکارخراون.”

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا