وەزیرانی دادی عەرەبی چەند پرسێك تاوتوێدەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیرانی دادی عەرەبی لە بەغدا كۆبوونەوە و وێڕای گفتوگۆكردنی ژمارەیەك پرس و تەوەری پەیوەندیدار بە رێككەوتنی عەرەبی بۆ لەناوبردنی تاوانەكانی ئەلیكترۆنی و ماددە هۆشبەرەكان و تیرۆر، هاوكات داوای دۆزینەوەی چارەسەری دادپەروەرانەی دۆزی فەڵەستین دەكەن.

رۆژی دووشەممە 16ی تشرینی یەكەمی 2023 خولی 39یەمی وەزیرانی دادی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەچوو و بەگوێرەی راگەیاندراوی كۆتایی، كە لەلایەن خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خوێندرایەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی عەرەبی بۆ لەناوبردنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و پرسی بە تاوان ناساندنی پێدانی (فیدیە) بە تیرۆریستان و بەهێزكردنی هاریكاری عەرەبی و نێودەوڵەتی لە بواری لەناوبردنی تیرۆر كراوە.

هەروەها بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە بواری یەكخستنی یاسا عەرەبییەكان لەوانەش یاسای عەرەبی ئامۆژگاری بۆ رێگریكردن لە وتاری رقلێبوونەوە و پاراستنی منداڵان لە كاتی ململانێكان و رێگریكردن لە چەكداركردنیان و نوێكردنەوەی یاسای یەكگرتووی عەرەبی بۆ لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەكان.

هاوكات كۆبوونەوەی وەزیرانی دادی عەرەبی گفتوگۆی لەبارەی رێككەوتنی عەرەبی بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و رێككەوتنی عەرەبی بۆ كاروباری پەنابەران لە وڵاتانی عەرەبی كردووە.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە پەیوەست بووە بە بارودۆخی جەنگ و ئاڵۆزییەكانی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل و هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین دەربڕیوە.

وەزیرانی دادی عەرەبی داوای راگرتنی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی فەڵەستینی و گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و گەیشتنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیان بۆ غەززە كردووە و داوایان كردووە گەمارۆی سەر شارەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە كۆتایی پێ بهێنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا