پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئیسرائیل بیر لە داخستنی ئۆفیسی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەڕی دەکاتەوە لە وڵاتەکەی و پێیوایە کە لە هەواڵەکانیدا، لایەنگری چەکدارانی حەماس دەکات و مەترسی لەسەر گیانی سەربازانی ئیسرائیلی درووست دەکات.
شۆلما کەرهی، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشنیازێک لەلایەن دەزگای ئاسایشی وڵاتەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ داخستنی ئۆفیسی کەناڵی ئەلجەزیرە و ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت.
شۆلما بۆ راگەیاندنەکانی وڵاتەکەی ووتی، “ئەم میدیایە بەردەوامە لە وێنەگرتن و رووماڵکردنی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و گیانی سەربازەکانمان دەخاتە مەترسییەوە”. وتیشی، “بەردەوام پروپاگەندەی ناڕاست و درووست بڵاودەکاتەوە و سەرکردەکانی حەماس لەرێگەی ئەم میدیایەوە پەیامەکانیان دەگەیەنن بە جیهان”.
کەناڵی ئەلجەزیرە، یەکێکە لە بەناوبانگترین و پڕبینەرترین میدیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارەگاکەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕە. ئیسرائیل تۆمەتی پاڵپشتیکردن و لایەنگری لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا، دەداتە پاڵ.