چین لێکۆڵینەوە دەکات لە هەواڵی کوژرانی ژمارەیەک هاوڵاتی لە ئیسرائیل

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حکومەتی چین رایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەین لە ئەگەری کوژرانی دوو هاوڵاتی وڵاتەکەمان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و حەماس دا.

وانگ وێنبین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی راپۆرتێکی دەزگایەکی میدیایی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، حکومەتی بەیجین لەئێستادا لێکۆڵینەوە دەکات لە ئەگەری کوژرانی دوو هاوڵاتی چینی لە شاری سدیرۆتی نزیک لە کەرتی غەزە.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، رفاندنی ئافرەتێکی چینی بەناوی “نەوا” لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بۆ کەرتی غەزە پشتڕاستکردبووەوە کە لە گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیاڵ میدیا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لە یەکەم چرکەساتی دەستپێکردنی شەڕەکەی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە شەڕەکەدا کوژراون و بەدیل گیراون. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی رابردوو رایگەیاند، 11 هاوڵاتیی ئەمریکی لە گرژییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین کوژراون و ژمارەیەکیش بێسەروشوێنن.

جگە لە ئەمریکا، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، نیپاڵ و تایلەند لەریزی ئەو وڵاتانەن کە هاوڵاتیانیان لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل کوژراون و بێسەروشوێن بوون.

وەزارەتی دەرەوەی نیپاڵyS رایگەیاند، 10 هاوڵاتییان لە ئیسرائیل کوژراون کە بەمەبەستی خوێندن روویان لەو وڵاتە کردبوو.

رۆژی شەممەی رابردوو، کەتیبەکانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس، هێرشێكی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل و بەرەبەیانی ئەو رۆژە نزیکەی پێنج هەزار مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا