سەرکردە عیراقییەکان: مام جەلال ژیانی بۆ خەباتی دیموکراتی تەرخانکرد

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیرانی عیراق و چەندنین سەرکردەی عیراقی و سەفیر و نێردەی وڵاتان، مەراسیمی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە بە سەرپەرشتی د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەڕێوەچوو کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و چەندین سەرکردەی عیراق و نێردەی وڵاتان تێیدا بەشداربوون.

سەرەتای مەراسیمەکە بە سرودی نیشتمانی عیراق دەستیپێکرد و پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە، دواتریش فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی سەرۆک مام جەلال بەناوی (مام جەلال سەرکردەی هەموو سەردەمەکان) نمایش کرا.

سەرۆک کۆمار: مام جەلال ژیانی بۆ یەک ریزی و تەبایی تەرخان کرد

دواتر د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە عیراقی نوێ بەرز نرخاند و رایگەیاند: “مام جەلال ژیانی بۆ یەک ریزی و تەبایی گەلی عیراق تەرخان کرد و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی زۆریدا، مێژووش شاهێدی ئەو راستییە دەدات کە تەمەنی مام پڕ لە خەبات و شانازییە”.

وتیشی: “مام جەلال پارێزەری مافەکانی هەموو گەلی عیراق بوو، هەر بۆیە لەلایەن سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵا نازناوی سەمامی ئەمانی پێبەخشراوە، مام ژیان و خەباتی زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە بتوانین لە مەراسیمێکی لەمشێووەیەدا، یاخود لە چەند دێڕێکدا باسی بکەین، لەخوای گەورە داواکارین رۆحی پاکی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات”.

سودانی: گەلەکەمان سەرکردەیەکی گەورەی لەدەستدا

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “شەش ساڵ پێش ئێستا عیراق رۆژێکی خەمناکی بەڕێکرد و سەرکردەیەکی گەورەی وەک مام جەلالی لەدەستدا کە پڕکردنەوەی ئەو جێگەیەی ئەستەمە”.
وتیشی: “سەرۆک تاڵەبانی ژیانی خۆی بۆ عیراقییەکان و دیموکراسی لە عیراق تەرخان کرد، بۆیە هەمیشە ناوی بە بەرزی دەمێنێتەوە، لەم مەراسینەشدا جوانترین وشە و رەحمەتی بۆدەنێرین و لە خوای گەورە داواکارین لێی خۆشبێت”

هەر لە وتەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: “بە دەرفەتی دەزانم لەم مەراسیمەدا پیرۆزبایی گەرم لە بافڵ جەلال تاڵەبانی بکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەکەم”.

عەممار حەکیم: هیچ کات مام دەستبەرداری مافی گەلەکەی نەبووە

عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی سەرۆک مام جەلال لە عیراقی نوێدا کرد و رایگەیاند: “سەرۆک مام جەلال هەوڵ و کۆششی لە عیراقێکی نوێی دیموکراسی دیارە و بۆ گەلی کوردیش هیچ کاتێک دەستبەرداری سیاسەت و مافی گەلەکەی نەبووە، بۆ ئامانجەکانی گەلەکەی هەوڵیداوە”.

وتیشی: “وەک بنەماڵەی ئەلحەکیم پەیوەندی قوڵ و دورودرێژمان لەگەڵ مام جەلال و گەلی کورد دا هەیە و شانازی پێوەدەکەین، چونکە هەردوولامان بۆ یەک ئامانج قوربانیمان هەیە کە ئەویش عیراقێکی دیموکراسییە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “سەرۆک مام جەلال هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە دژی زوڵم و ستەم وەستاوەتەوە و هەوڵی بونیادنانی بناغەیەکی دیموکراسی لە دەستوردا داوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە هەموومان بە سەرکردەیەکی نیشتمانی بزانین، لەم مەراسیمەدا لە خوای گەورە داواکارین لە رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال خۆشبیت”.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر: گەلی عیراق یادی مام دەکەنەوە

پاشان باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کە سەرپەرشیاری مەراسیمەکە بوو، وتەیەکی پێشکەش کرد و بەناوی بنەماڵەی مام جەلال، سوپاسی میوانانی کرد و رایگەیاند: “مام جەلال تەنها سەرۆکی کورد نەبوو، بەڵکو سەرۆکی هەموو عیراقییەکان بووە و گەلی عیراق یادی مام دەکەنەوە و لەبیری ناکەن”.
وتیشی: ” مام جەلال هەمیشە هەوڵی یەک ریزی و تەبایی و ئاشتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق داوە و هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی عیراق  وپاراستنی سەروەرییەکەی داوە، هەروەها هاوڕێ و دۆستی نزیکی سەرجەم لایەنە عیراقییەکان بووە و کلیلی چارەسەری کێشەکان بووە و وەک دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی-یش لە ناخی دڵمانەوە سوپاسی بەشداربووانی مەراسیمەکە دەکەین کە ئەم ئێوارە کۆبووینەوە بۆ یادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال”.

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال دا تێدەپەڕێت، لە ساڵیادی کۆچی دوایی شکۆی نیشتماندا لە سلێمانی تاجە گوڵینەی رێز و وەفا لەسەر مەزاری مام دانرا و هەر ئەمڕۆش لە بەغدا مەراسیمێکی شایستە لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال دا بەڕێوەچوو، هەر لە چوارچێوەی ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال دا، دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحر لعلوم، سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی 4ـی ئۆکتۆبەر لە نەجەف دیدارێک کە چەند پانێڵیک لەخۆدەگرێت سازدەکەن، تێیدا چەند توێژینەوەیەک لەبارەی سەرۆک مام جەلال دەخرێنەڕوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا