پۆلیس و ئاسایشی ڕاپەڕین لەسەر دەستگیرکردنی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە

پۆڵەتیک پرێس

بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لەسەر دەستگیرکردنی بکوژی سەرەکی سێ کەسەکەی قەڵادزێ، ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە12ی ئەیلول، ئاسایشی گشتی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لەسەر دەستگیر کردنی بکوژی سەرەکی سێ کەسەکەی قەڵادزێ، کە دوای ئەوەی ناو و شوێنەکەی ئاشکرا کرا، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاودەکاتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

دوای ئەوەی لە شەوی پێنج شەممە بەرواری 7/9/2023 لە قەڵادزێ  سێ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران، دەستبەجێ بەهاوبەشی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین/ بەشی پشدەر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستکرا بە ڕێکاری یاسای بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و زانیاری ورد و دروست لە ڕوداوی کوشتنەکە کۆکرایەوە. بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار و دەستگیر کردنی بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادان.

لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری کردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت.

دوای ئەوەی کە بکەری سەرەکی کوشتنی سێ کەسەکەی قەڵادزێ ناسنامەی ئاشکرا کرا، بۆ ئەو مەبەستە شوێنی تۆمەتبارەکەش دۆزرایەوە و کە بەپێێ زانیاریەکان دەرکەوت تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە ڕای کردووە بۆ دەروەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین. زانیاریە دروستەکان دەریانخست تۆمەتباری سەرەکی دوای ئەنجام دانی تاوانی کوشتنەکە ڕای کردووە بۆ سنوری کۆڕێ سەربە قەزای شەقڵاوە لە ماڵێک خۆی حەشار داوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری تەواو و دروست لەسەر ناوی سیانی تۆمەتبارەکە و شوێنی تۆمەتبارەکە و ئەو ماڵەی تۆمەتبار خۆی تیادا حەشار دابوو درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم و وە هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی جوڵانەوە و تاوانی پۆلیسی گشتی هەرێم.

بەمەبەستی دەستگیر کردنی تۆمەتباری سەرەکی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ دوای ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ناسنامەی تۆمەتبار و شوێنی خۆحەشاردانەکەی درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنورەکە تواندرا تۆمەتباری سەرەکی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ دەستگیر بکرێت, تۆمەتبارەکە ناوی (ق،هـ،ع) لەدایک بووی ساڵی 1994پیشەی پێشمەرگەیە.

لە ئێستادا, چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی شوێنی ڕوداوەکە وە بۆئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە وەک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە سنورەکە هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی راپەڕین دڵنیادەکەینەوە کە هیچ تۆمەتبارێک ڕزگاری نابێت لە دەست یاسا و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بێت یان لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین.

لێرەوە دەمانەوێت زۆر سوپاسی هێزەکانی پۆلیسی هەولێر/ کۆڕێ و ئاسایشی سنورەکە بکەین لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە. زۆر سوپاسی ئەفسەران و کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەکەین بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان لە کۆکردنەوەی زانیاریەکان و بەدواداچوونی ورد لەسەر ڕوداوی کوشتنەکە. سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەسایەتیانە دەکەین کە زۆر هاوکاری هێزەکانمان بوون بە پێدانی زانیاری دروست لەسەر ئاشکرا کردنی ناسنامەی تۆمەتبارەکە و شوێنی خۆحەشاردانەکەی. دووبارە سوپاسیان دەکەین.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا