پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە نوێترین راپرسیدا لەسەر ركابەرایەتیی جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی 2024، زۆربەی ئەمریكییەكان پێیانوایە بایدن “زۆر پیرە” تاوەكو بۆ چوار ساڵی دیكە ببێتەوە بە سەرۆكی وڵات.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئەیلوولی 2023، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئەنجامی راپرسییەكی لەبارەی كاندیدی دیموكراتەكان كە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا و دۆناڵد ترەمپیش یەكێك لە كاندیدە سەرەكییەكانی كۆمارییەكانە، بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە 73٪ ی بەشداربووانی راپرسییەكە، پێیانوایە تەمەنی بایدن رێگە نادات ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا و تەنیا 47٪ ی بەشداربووەكان هەمان بۆچوونیان لەسەر ترەمپ هەیە.
هەر لەو راپرسییەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا كە لە رۆژانی 24 بۆ 30 ئابی 2023 كراوە و هەزار و 500 ئەمریكی لە راپرسییەكەدا بەشداربوون، هاتووە، 58٪ی ئەمریكییەكان دەڵێن لە ماوەی سەرۆكایەتی بایدندا دۆخی ئابووریی وڵاتەكەیان خراپتر بووە. ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی بەشداربووان لەو بڕوایەدان ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتیدا دەستكەوتی زیاتری بەراورد لەگەڵ بایدن، هەبووە.
لە ساڵی 2020، بایدن لە تەمەنی 77 ساڵیدا، بووە سەرۆكی ئەمریكا و بەتەمەنترین سەرۆكی ئەمریكایشە لە مێژوودا، ئەگەر هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووش بباتەوە، ئەوا تاوەكو كۆتایی خولی دووەمی سەرۆكایەتی، بایدن دەبێتە 86 ساڵ.