هیندستان هەوڵ دەدات کەشتییە ئاسمانییەکەی لەسەر رووی مانگ بنیشێنێتەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر 6ی ئیوارە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ، هەموو دانیشتوانی جیهان چاوەڕێی دیمەنەکانی نیشتنەوەی کەشتی ئاسمانی ‘چاندرایان-3’ی هیندستان دەبن لەسەر مانگ.

ئەگەر کەشتییە ئاسمانییەکەی هیندستان سەرکەوتوو بێت لە نیشتنەوە، دەبێتە یەکەم وڵات لە مێژوودا کە بتوانێت کەشتییەکی ئاسمانی لە جەمسەری باشووری سەر رووی مانگ بنیشێنێتەوە.

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کەشتییە ئاسمانییەکەی هیندستان، بریتی دەبێت لە گەڕان بە شوێن ئاودا لەسەر رووی مانگ، کە دۆزینەوەی دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بەسەر نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر مانگ لە داهاتوویەکی نزیکدا.لە ئەگەری سەرکەوتنی نیشتنەوەی کەشتییە ئاسمانییەکەیدا، هیندستان دەبێتە چوارەم وڵاتی جیهان لە چوونە سەر مانگ و نیشتنەوەی بەشێوەیەکی سەلامەت.

پێشتر هەر یەکە لە، ئەمریکا، چین و رووسیا لەسەر رووی مانگ بە سەرکەوتوویی نیشتوونەتەوە، بەڵام هیچکام لەم وڵاتانە نەیانتوانیووە لە جەمسەری باشوووری مانگ کەشتییە ئاسمانییەکانیان جێگیر بکەن.

پێشتر لە ساڵی 2019، هیندستان کەشتی ئاسمانی ‘چاندرایان-2 ی هەڵدا بۆ سەر رووی مانگ، بەڵام لەکاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوەی شکستی هێنا و بە رووی مانگدا تەقیەوە.

هەوڵەکانی هیندستان چەند رۆژێک پاش تێکشکانی کەشتیی ئاسمانیی ‘لونا-25’ی رووسیا دێت، کە سەرکەوتوو نەبوو لە نیشتنەوەی لە جەمسەری باشووری مانگ.

زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی پێشکەوتووی بواری زانستی، چاویان بڕیووەتە ناوچەکانی جەمسەری باشووری مانگ. ئەمەش بەو هیوایەی کە بتوانن سەهۆڵ یاخود ئاو لەو ناوچانە بدۆزنەوە؛ بەو پێیەی کە ئەو بەشەی مانگ، بەردەوام سێبەرە و هیچ کات تیشکی خۆری بەرناکەوێت. زانایانی بواری گەردوونی دەڵێن، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە بەهۆی بەرنەکەوتنی تیشکی خۆر لەو ناوچانە، ئاو و سەهۆڵ بوونیان هەبێت.

دۆزینەوەی ئاو لەسەر مانگ، بە مانای دەستپێکردنی یەکەمین گەشتی مرۆڤە بە مەبەستی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی هەسارەی زەویی و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێیە لەسەر رووی مانگ.

هیندستان تاکە وڵات نیە، کە چاوی بڕیوەتە مانگ. بەڵکو چەند دەیەیەکە وڵاتانی جیهان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی کێبڕکێی یەکدی دەکەن بۆ گەیشتن بە مانگ و لەو پێناوەدا چەندین کەشتی ئاسمانییان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە.

زانایان دەڵێن، هێشتا زۆر شت ماوە کە مرۆڤایەتی پەی پێ نەبردووە لەبارەی مانگەوە. زۆرجاریش مانگ وەک دەروازەیەکی مرۆڤ بۆ قوڵایی گەردوون پێناس دەکرێت، سەرکەوتنی ‘چاندرایان-3’ هەنگاوێکی دیکە لەو ئەرکە نزیکمان دەکاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا