لوتکەی بریکس دەستپێدەکات؛ قۆڵبادانی ئەمریکا لەلایەن بلۆکی رۆژهەڵاتەوە چۆنە؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لووتکەی بریکس بە سەرکردایەتی زلهێزەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەفریقای باشوور و ئەمریکای باشوور دەستپێدەکات. وڵاتانی ئەندام لەم رێکخراوە بێزران لە هەژموونی سیاسی و ئابووری ئەمریکا و ئەوروپا بەگشتی؛ هەوڵ دەدەن نەزمێکی نوێی باڵانسی هێز درووست بکەن لە جیهان.

ئەمڕۆ بڕیارە لووتکەی بریکس بە سەرۆکایەتی هەریەک لە وڵاتانی رووسیا، بەڕازیل، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور بەڕێوەبچێت، و وابڕیارە پێنجشەممەی داهاتووش لە شاری جۆهانسبێرگی بەڕێوە بچێت. وڵاتانی بەژدار لە کۆبوونەوەکە ئامانجیانە ئەندامانی گرووپەکەیان زیاد بکەن بەمەبەستی بەهێزترکردنی داواکەیان بەرامبەر بە بلۆکی رۆژئاوا.

زیادبوونی گرژییەکانی جیهان کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و پەرەسەندنی ڕکابەریی نێوان چین و ئەمریکاوە سەریهەڵداوە، ئەندامانی رێکخراوەکەی ناچار کردووە پەلەبکەن لە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی بلۆکەکە، کە هەندێکجار بەدەست دابەشبوونی ناوخۆیی و نەبوونی خاڵی هاوبەشەوە دەناڵێنێت.

سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور لە وتارێکدا پێش کۆبوونەوەکان وتی: “بریکسێکی فراوان نوێنەرایەتی گروپێکی هەمەچەشنی گەلان دەکات کە سیستەمی سیاسی جیاوازیان هەیە و خواستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەوەی نەزمێکی جیهانی هاوسەنگتریان هەبێت”.

ڕامافۆسا لە 22 تا 24ی ئاب میوانداری شی جینپینگ سەرۆکی چین و لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤای بەڕازیلی و نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان دەکات.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، بەهۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆدەرچووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لە ئۆکرانیا، گەشت بۆ باشووری ئەفریقا ناکات و لەبری ئەوە بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداری دەکات.

هەرچەندە ئەو وڵاتانەی ئێستا لە رێکخراوی بریکس بەژدارن، نزیکەی %40ی دانیشتووانی زەوی پێکدێنن و لەرووی ئابووریشەوە چارەکێکی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانییان تێدایە. بەڵام چین وەک زلهێزێکی بلۆکی رۆژهەڵات، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ فراوانترکردنی گرووپەکە و زیادکردنی ئەندامەکانی.

بەپێی ئامارەکانی ئەفریقای باشوور، زیاتر لە 40 وڵات لەوانە سعودیە، ئێران، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەرجەنتین، ئەندەنوسیا، میسر و ئەسیوپیا، ئارەزووی خۆیان بۆ چوونە ناو ریزەکانی گرووپی بریکس دەربڕیوە و، زیاتر لە 20 وڵاتیش بەفەرمی داوای بە ئەندامبوونیان لە گرووپەکە کردووە.

ئامانج لە درووستکردنی لوتکەی بریکس، درووستکردنی باڵانسێکی هێزە بەڕووی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، چین دەیەوێت باڵادەستی ئابووری و سەربازی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا کەم بکاتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە رووسیا بە ئامانجی لابردنی ئابڵووقەی سەرشانی خۆی لە پەراوێزخستن و دابڕانی لە جیهان بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە لەلایەن وڵاتانی جیهان بەگشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی بەژداری کۆبوونەوەکە دەکات.

یەکێکی دیکە لە ئەجێنداکان، تاوتوێکردنی پرسی ئابووری وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکەیە. سەرۆکەکانی هەموو وڵاتە بەژدارەکان هەوڵی تاوتوێکردنی پرسی ئابووری دەکەن لەرێگەی گەیشتن بە رێککەوتن و ئەنجامدانی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری.

بڕیارە لە کۆتا ڕۆژی لوتکەکەدا تیشک بخرێتە سەر وتووێژ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی دیکە. نالیدی پاندۆر، وەزیری دەرەوەی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، بانگهێشتنامە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکەدا، بۆ 67 سەرکردە لە سەرانسەری ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، ئاسیا و کاریبی نێردراوە

فەرەنسا ئارەزووی خۆی دەربڕیبوو بۆ ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە لوتکەکەوە بکات، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی فەرەنسا بۆ ئۆکرانیا لە دژی لەشکرکێشی ڕووسیا، ڕووسیا دژی ئەم کارە بوو. سەرەنجام ماکرۆن بانگهێشت نەکرا.

لە کاتێکدا کە ئەگەری گەورەبوونی بریکس هێشتا دیارنیە، بەڵام بەڵێنی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەکە بۆ بوون بە پاڵەوانی “باشووری جیهانی” لە گەشەکردندایە، وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەکە،
دەیانەوێت ئەو پەیامە بدەن بە گوێی جیهاندا؛ بەدیلێک هەیە بۆ نەزمێکی نوێی جیهانی کە گەلانی دەوڵەمەندی ڕۆژئاوا زاڵن بەسەریدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا