دادگا سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەر پەرستارێک دا؛ 7 منداڵی تازە لەدایکبووی کوشتبوو

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لوسی بێتی، هاوڵاتییەکی بەریتانییە و تۆمەتبارە بە کوشتنی 7 ساوای تازە لەدایک بوو و هەوڵدان بۆ کوشتنی شەشی دیکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا، ئەمڕۆ لەلایەن دادگای باڵای شاری مانچستەرەوە سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا.

لوسی لێتبی، تەمەنی 33 ساڵە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری چێستەری بەریتانیا وەک پەرستار کاریدەکرد. لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 لەکاتی کاردکردنی لەو نەخۆشخانەیە، 7 منداڵی تازە لەدایک بووی کوشتووە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیدا، لوسی ئامادەی هۆڵی دادگا نەبوو.

ریشی سووناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی ئامادەنەبوونی لوسی لێتبییەوە دەڵێت، “پێمواییە ئەوە کارێکی زۆر ترسنۆکانەیە بۆ ئەو کەسانەی تاوانی قێزەونی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن و نایەن لە هۆڵی دادگا ئامادەبن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ببینن تاوانەکەیان چەند کاریگەری درووست دەکات لەسەر کەسە نزیک و ئازیزەکانی قوربانییەکە”.

لوسی، لەوکاتەی لە نەخۆشخانەی چێستەر کاریکردووە، هێرشی کردۆتە سەر منداڵە تازە لەدایک بووەکان، لەرێگەی هەواکردنە ناو خوێن و سکیان، هەروەها زیاد لە پێویست شیری پێ داون، بەپێی وتەکانی دادگا، لوسی، ئازاری جەستەیی منداڵەکانی داوە و دەرزی ئەنسۆلینی لێداون.

حکومەتی بەریتانیا تۆمەتباردەکرێت بە نواندنی کەمتەرخەمی و چاودێران دەڵێن: چۆن دەکرێت کارێکی قێزەونی لەم شێوەیە هێندە درێژە بکێشێت و ئاشکرا نەکرێت و”تاوانبار بتوانێت خۆی بدزێتەوە”.

لوسی، بە دزییەوە و دوور لە چاوی هاوکارەکانی، هێرشی کردووەتە سەر 13 منداڵی تازە لەدایک بوو بە مەبەستی کوشتنیان. پاشان بەهاوکارەکانی وتووە، منداڵەکان بە مردنی سروشتی گیانیان لەدەست داوە.

پێشتر، چەندین جار لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیرکرابوو. بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کراوە. دواین جار لە ساڵی 2020 بوو.

پۆلیس، چەند دەستنوسێکی لوسی لێتبی دۆزیوەتەوە کە تێیدا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا و دەڵێت: “من شایەنی ژیان نیم، بە مەبەست ئەوانم کوشتووە چونکە پێموابووە کە من شایەنی ئەوە نیم گرنگیان پێ بدەم”. لە درێژەی نوسراوکەی لێتبی دەشڵێت، “من کەسێکی زۆر خراپم”، نوسیوویەتی، “من شەیتانم.. من ئەو کارەم کرد و ئەوانم کوشت”.

سزاکەی سەر لوسی لێتبی، لەلایەن دادگای باڵای شاری مانچستەرەوە هیچ لێخۆشبوونێک نایگرێتەوە، بەو واتایەی تا کۆتایی ژیانی لە زینداندا دەمێنێتەوە. لوسی، بە سێیەم بکوژی منداڵان دادەنرێت لە مێژووی بەریتانیا کە ئەو ژمارە زۆرە منداڵی کوشتبێت و سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرابێت. لە مێژووی نوێی بەریتانیاش، کەسی هاوشێوەی وەک لوسی لێتبی نەبووە لە کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەی منداڵی بێتاوان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا