پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە سەردانێکی سەرۆک ئۆکراینا بۆ هۆڵەندا، دوێنێ یەکشەممە، مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، جەختی لە هاوئاهەنگی وڵاتەکەیی و حکومەتی دانیمارک کردەوە بۆ پێدانی فڕۆکەی F-16 بە سوپای ئۆکراینا.
سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، لەکاتی بەژداریکردنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرکات رێککەوتن کرا لەسەر میکانیزمی گواستنەوەی ئەو فڕۆکانە، راستەوخۆ چەند دانەیەک لە فڕۆکەی شەڕکەری F-16 دەدرێتە ئۆکراینا.
مارک رووتە، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هۆڵەندا خاوەنی 42 فڕۆکەی شەڕکەری جۆری F-16ـیە، بەڵام قورسە بڵێین هەموویان دەبەخشینە ئۆکراینا لە شەڕی دژی رووسیا.
زیلیسنسکی، کە بە سەردانێکی فەرمی و بە مەبەستی بەهێزکردن و دابینکردنی پشتیوانی زیاتری هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی سەردانی ئەوروپا و هۆڵەندای کردووە، هەوڵەکانی دانیمارک و هۆڵەندای بۆ پێدانی ئەو فڕۆکانە بە وڵاتەکەی بەرزنرخاند و بە ‘رێککەوتنی یەکلاییکەرەوە’ ناوی برد.
ماوەیەک بەر لە ئێستا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە رێگەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی هاوشێوەی هۆڵەندا و دانیمارک، بەڵێنی پێدانی چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەری F-16ی بە هێزەکانی ئۆکراینا دا.
لە ئێستاشدا هێزەکانی ئۆکراینا مەشق و راهێنان لەسەر فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکی F-16 دەکەن و بڕیاریشە لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە چەند دانەیەکیان پێ بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە سوپای هۆڵەندا، لە پرۆسەی گوڕینی فڕۆکەی F-16یە بە F-35ی پێشکەوتووتری ئەمریکی.
پێشبینی دەکرێت، لە چوارچێوەی پلانەکانی ئەمریکا بۆ پڕچەککردن و راهێنانی سەربازانی ئۆکراینا، زستانی داهاتوو یەکەمین کاروانی فڕۆکەی F-16 بگاتە دەست هێزەکانی ئۆکراینا.