پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هاوڵاتییانی گەڕەکێکی هەولێر لە دژی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیان و کێشەی کەمئاویی خۆپشاندانیان کرد و دەڵێن: ئەو ئاوەی بۆمان دابینکراوە بۆ خواردنەوە شیاو نیە و تێکەڵ بە ئاوی زێراب بووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتوانی گەڕەکی کرێکارانی هەولێر، لە دژی کەمی ئاو و نەشیاوی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکەیان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر گردبوونەوە و شەقامی عەدالەیان داخست و داوای چاککردنی کێشە و گرفتەکانیان کرد.
هاوڵاتییەک بۆ مایکی پۆڵەتیک بەم شێوەیە لەسەر گرفتی پیسی ئاوی خواردنەوە قسەی کرد و وتی: “لە ساڵی 2018ەوە کتابیان کردووە بێن بۆ پشکنینی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکەمان. و ئاگادارن کە کێشەی پیسبوونی ئاومان هەیە و هیچ لایەنێک ئاوڕمان لێ ناداتەوە، ئەو ئاوەی بەکاریدێنین بۆ خواردنەوە ئاوی بیرە و تێکەڵی زێراب بووە”.
هاوڵاتییەکی تر وتی: بەهۆی پیسی و نەشیاوی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکەمان، زۆربەیان توشی نەخۆشی و گرفتی تەندروستی بوون.
ئەمڕۆ لەسەر بەڵێنی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆیی هەولێر، خۆپشاندانی دانیشتووانی گەڕەکی کرێکاران کۆتایی پێهات، بەڵام هاوڵاتییان ئاماژە بەوەدەکەن کە لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی کێشە و گرفتەکانیان دووبارە دەست بە خۆپشاندان دەکەنەوە.