بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەسەر پرسی ژینگە بەڕێوەچوو

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و زیاتر لە 16 كونسوڵ و نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چەندین پرۆژە كرا بۆ پێكەوەكاركردن لەپێناو پاراستنی ژینگەی كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەمە 26ی حوزەیرانی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەر یەكە لە وەزیری كارەبا و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆكی دەستەی ژینگە و جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی باسی لە دۆخی ئێستای ژینگەی كوردستان و مەترسییەكان و لێكەوتەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای كرد لەسەر كوردستان.

لەمبارەیەوە رایگەیاند؛ پێویستە تا درەنگ نەبووە حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی و وڵاتانی دۆست بە هاوكاری یەكتر پلانی ستراتیژی و تۆكمەی زانستی بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی كوردستان ئامادە بكەن و هەر بە هاوكاری یەكتریش جێبەجێی بكەن، چونكە پرسی ژینگە پرسێكی گرنگە و بەبێ هاوكاری هەمەلایەنەی حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاسان نییە بتوانرێت بەرەنگاری گۆڕانكارییە مەترسیدارە ژینگەییەكان ببینەوە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بە؛ كێشەكانی خاك و سەرچاوە ئاوییەكانی كوردستان و رایگەیاند: بەداخەوە خاكە بە پیتەكەمان مەترسی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی لەپێناو ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی ئابوریدا دەمانەوێت پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدەین، هاوكات لەگەڵ ئەوە پێویستە پلانمان هەبێت بۆ پاراستنی خاك و سەرچاوە ئاوییەكان و هەروەها پاك كردنەوەشیان.

لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی داوایكرد وڵاتانی دۆست پسپۆڕ و راوێژكار رەوانەی كوردستان بكەن بە تایبەتیش لە بوارەكانی پاراستن و پاك كردنەوەی ئاو و خاكدا.

لە كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتی دیكەش تاوتوێ كران لەوانە چۆنییەتی بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی لە كوردستان و هەروەها هۆشیاكردنەوەی كۆمەڵگا و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە پاراستنی ژینگە.

لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایكرد كۆنسوڵخانەكان لەمەوبەدوا گرنگی زیاتر بدەن بە هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی ژینگەپارێز.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا چەندین پڕۆژەی جیاواز پێشكەشی كونسوڵخانەكان كران بۆ ئەوەی دوای تاوتوێكردنیان لەڕێگەی وڵاتەكانیانەوە هاوكاری حكومەتی هەرێم و كۆمەڵگای مەدەنی بن لە پرسی پاراستنی ژینگەدا.

ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كە رۆژی رابردوو قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسانی پسپۆڕ و ئاكادیمی كوردستان لەسەر پرسی ژینگە كۆبووەوە و بڕیاریشە لە ماوەكانی داهاتوودا كۆبوونەوەی فراوانتر لەسەر ئاستی پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و عێراق بەڕێوەبچێت تا بە هەوڵی هەمەلایەنە پرسی ژینگە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە عێراق و كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا