پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی مەترسییەکانی ژەنگ لەسەر جەستە و تەندروستی مرۆڤ ئاشکرا دەکات و داوا لەهاوڵاتیان دەکات تانکی سەربانی ماڵەکانیان خاوێن بکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە27ی ئایار، قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، د.ئیدریس ئەحمەد، پزیشک و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئەوەی ژەنگ مەترسی ژەهراویبون بەماددەی ئاسن و بڕین و زیان گەیاندنی بۆ ئەندامەکانی ناوەوەی لەش بەتایبەتی کۆئەندامی هەرس هەیە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ توشبون بە نەخۆشییەکانی جگەر.
ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر ئەو بنەمایە و بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاری داوە ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە بەرهەم دەهێنن، تانکی سەربانەکانیان بشۆرن و ئەو تانکییانەشی ژەنگیان کردوە بیگۆڕن.
ڕوونیکردەوە، ویستی لیژنە هاوبەشەکان زیان گەیاندن نیە بەشوێنەکان، بەڵام بۆپابەندکردنیان بەمەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و تەندروستی بەتایبەتی خاوەن شوێنەکان ڕووبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکەنەوە.
هاوکات، د.ئیدریس ئەحمەد، داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لەپێناو تەندروستی خۆتان و منداڵەکانتان و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی پیسبوونی ئاوی تانکی سەربان و خاوێنکردنەوەی لەژەنگ، واباشترە شەش مانگ جارێک تانکییەکانتان بشۆن.