بڕیارێكی مەترسیدار چاوەڕێی سزادراوانی بادینان دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرچاوەیەك لە تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سزادراوانی بادینان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند : داواكاری راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر گەڕاوەتەوە بۆ دەستەی سزایی دوو (هەمان ئەو دەستەیەی بڕیاری سزادانی چالاكوان و رۆژنامەنووسەكانی بادینانی پەسەند كرد).

سەرچاوەكە وتی رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو ، بڕیارێكی مەترسیدار لەسەر چارەنووسی چالاكوان و رۆژنامەنووسەكان دەربچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە پۆڵەتیك پرێس دراوە، رەنگە لە راستكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر كە تێیدا سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەك لەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە دەركرد، لە ئەنجامی چەند تۆمەتێك كە خرابوویە پاڵیان تەنها تۆمەتی كۆبوونەوە لەگەڵ كونسوڵخانە و نێردە نێودەوڵەتییەكان لە دۆسیەی ئەو سزا دراوانە لابدەن و كۆی تۆمەت و بڕیارەكان وەكو خۆی بهێڵنەوە كە ئەمەش مەترسی گەورەی هەیە لەسەر چارەنووسی ئەو سزادراوانە.

ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی پێنج شەممە هەواڵی خانەنشین بوونی ئەو دادوەرانە بڵاوبوویەوە كە سزایان بەسەر چالاكوان و رۆژنامەنووسەكانی بادینان سەپاند.

سەرچاوەكە لەبارەی ئەو هەواڵەوە وتی: تا رادەیەك ئەم هەواڵە ئەگەر راست بێت دڵخۆشكەرە بەو ئومێدەی ئەوانەی جێگایان دەگرنەوە خەڵكانی بە ویژدان و دادپەروەربن جێگایان بگرنەوە و بڕیارێكی دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەی ئەو سزادراوانە دەربكەن.

لە 15 و 16ی شوباتی 2021 دادگایی ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنووسی بادینان كرا بە پێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمانی كوردستان بە سزادانیان بە شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەك لەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە كە بریتین لە هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری).

دواتر تیمی پارێزەرانی بەرگریكار تانەیان لە بڕیارەكەدا و دۆسیەكەیان چووە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان تانەكەی نارد بۆ دەستەی سزایی دوو، دەستەكەش بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی بڕیارەكەی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێری كرد، دواتر وەك دوایین تانە پارێزەرانی بەرگریكار داوای راستكردنەوەی بڕیارەكەی دەستەی سزایی دوویانكرد و بۆئەم مەبەستە داوایەكیان ئاراستەی سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە كرد، كە بڕیاری راستكردنەوەی بڕیارەكەی دەستەی سزایی دوو، بخرێتە بەردەستی دەستەی گشتی بەڵام سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە دووبارە دۆسیەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ بۆ دەستەی سزایی دوو كەپێشتر بڕیاری پەسەندكردنی سزادانی پێنچ چالاكوان و رۆژنامەنووسەكانی دابوو.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ پۆڵەتیك پرێس كرد، مەترسی ئەوە هەیە دەستەی سزایی دوو هیچ گۆڕانكارییەك لە بڕیارەكەیدا لەبەرژەوەندی سزادراوان نەدات، تەنها تۆمەتی ناوهێنانی كونسوڵخانە و نێردە نێودەوڵەتییەكان لە ناو دۆسیەكەدا نەهێڵێت ، ئەو كات بڕیاری سزادانی ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە بەش ساڵ زیندانی بۆ هەر یەكێكیان وەك خۆی جێبەجێدەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا