پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنی دارایی کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاری کۆبونەوەی هەفتەی ڕابردوی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕو، کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەندکرا و سەرۆک وجێگری سەرۆک وەزیران سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
باسی لەوەش کرد، واتر گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لەوە کرایەوە، کە دابینکردنی موچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵەکردنی وەک خەرجییەکی سیادی، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچی خەرجیە گشتیەکانی دیکەشە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەرورانە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆبونەوەکە دوای گفتوگۆ، بڕیاردرا بە یەکخستنی هەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا وکۆتایی هێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی، هەروەها بڕیاردرا هەرچی زو بەیەکەوەبەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن.