سبەی دوا وادەیە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران

ئەم بابەتە 63 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

سبەی 15ی نیسان ئەو وادەیە كۆتایی دێت كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران داینابوو، 17 ی ئەم مانگەش دوا وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی کاندیدی قەوارەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو ماوەیەی كە كۆمسیۆن داینابوو بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران سبەی پێنج شەممە كۆتایی دێت پرۆسەكە بریتیە لە هەریەكە لە تۆماری ناوی دەنگدەران و كوژاندنەوەی ناوی مردووان و گواستنەوەی تۆماری دەنگدان.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی: پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بەردەوام دەبێت و تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی 60 هەزار كەس تۆماری دەنگدانی بایۆمەتری دەركردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی 17ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدی حزبەكان بەڵام تا ئێستا سێ‌ كەس لەسنوری لقی سلێمانی خۆی كاندیدكردووە.

باسی لەوەشكرد، حزبەكان نوێنەری خۆیان هەیە لە كۆمسیۆن لەر ێگەی ئەو نوێنەرەوە بەپێی بازنەكانی هەڵبژاردن، ناوی كاندیدەكان دەنێرن و ئێمەش بۆیان بەرزدەكەینەوە بۆ ئۆفیسی نیشتمانی، بەڵام تا ئێستا ناوی كاندی حزبەكانیان بەدەست نەگەشتووە.

پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 2_1_2021 ەوە دەستی كرد بە پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و كۆتا وادەش 15ی ئەم مانگەیە، 1ی ئایاریش كۆتا وادەیە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک