نازم دەباغ بۆ پۆڵەتیك پرێس: لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا دەبێت كورد وریابێت و نەبێتە قوربانی

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، رۆژانە هەموولایەك گوێ‌ بیست دەبین لە وڵاتانی ناوچەكە و تەنانەت دەرەوە و ئەوروپاش هەڵسەنگاندنی ئەرێنی دەكەن بۆ رێككەوتننامەی كۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە و گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی و بەگرنگ دادەنرێت لێرەدا گرنگە ئێمەی كورد وریابین لەم جۆرە ئاشتەواییەی لەناوچەكە دێتەكایەوە، بۆیە بۆ دروست بوونی ئاشتەوایی ناوچەكە پێشبینی دەكرێت كورد ئەگەر وریانەبێت ببێتە قوربانی.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێویستە ئاماژە بۆ دووبابەت بكەم وەكو سیاسەت و رووداو، یەكەم هەموو ناخۆشی و شەڕێك كە دەست پێدەكات كۆتایشی هەیە هەرچەندە درێژە بكێشێ‌، دووەم هەر لە سەرەتای دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ رووخاندنی رژێمی سووریا، لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاو دوورتریش، رەوانشاد مام جەلال، بیروڕاكانی وابوو وتی لەبەرئەوەی ئێمە نازانین كێ‌ دێتە جێگای بەشار ئەسەد باشتر وایە پەلە نەكەین و چاوەڕوانی رووداوەكان بكەین بەرلەوەی لایەنگیری لە هیچ لایەك بكەین، دەبینین ئەنجامەكەیشی هەروا شكایەوە كە ئێستا بەشار ئەسەد و حكومەتی سووریا لە شوێنی خۆیان ماون، هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دنیا چاك بكەن، هەروەك بیستمان سووریا ئەمڕۆ گەڕایەوە ناو كۆمكاری عەرەبی و لەمەودوا رۆڵی خۆی وەكو پێشتر كە ئەندام بووە بینیویەتی لە ئاییندەیشا دەیبینێت.

نازم دەباغ وتی: پێویستە ئاماژە بەوەبكەین كە كۆماری ئیسلامی ئێران تاكە وڵاتە لەبری دژایەتی، پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ سووریا بەهێزكرد و پارێزگاریشی كرد لەوەی كە وڵاتانی دژ بە سووریا حكومەتی ئەو وڵاتە بڕوخێنن، ئەم هەڵوێستەی ئێران كاریگەری لەسەر عێراقیش هەبوو تاڕادەیەك لایەنگیری وڵاتانی نەكرد دژی سووریا.

وتیشی: گۆڕان لە سیاسەتی سعودیە و رێككەوتنی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران (سیاسی، ئابوری، ئەمنی) كە لەوانەیە بەرەو رێككەوتننامەیەكی ستراتیجی بڕوات، رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر زووتر گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەشڵێت، دوای ئەو گۆڕانكاریانە ئەمڕۆ لە ناوچەكە و لەسەر ئاستی هەرێمی و دەرەوە زیاتر هەست بە جۆرێك لە بەرقەراربوونی ئاسایش و ئاسایی بوونەوەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەكرێت ( ئێران، عێراق، توركیا، سوریا) بۆی هەیە پەلیش بكێشێت بۆ وڵاتانی تر.رۆژانە هەموولایەك گوێ‌ بیست دەبین لە وڵاتانی ناوچەكە و تەنانەت دەرەوە و ئەوروپاش هەڵسەنگاندنی ئەرێنی دەكەن بۆ رێككەوتننامەی كۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە و گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی و بەگرنگ دادەنرێت لێرەدا گرنگە ئێمەی كورد وریابین لەم جۆرە ئاشتەواییەی لەناوچەكە دێتەكایەوە، لەكاتێكدا كورد بەشێكە لەو نائارامییەی لە ناوچەكە هەیە، بۆیە بۆ دروست بوونی ئاشتەوایی ناوچەكە پێشبینی دەكرێت كورد ئەگەر وریانەبێت ببێتە قوربانی.

روونیشیكردەوە، كێشەی كورد لە چوارچێوەی جوگرافیای ئەو وڵاتانەی كە هەیە مەترسی لێدەكرێت كە بۆ داینشتنی چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش هەموو وڵاتان كارتی كوردیان لەسەر مێزی گفتوگۆكەبێت، وەكو كارتێكی كە بتوانن مامەڵەی پێوەبكەن چونكە كێشەكان لە وڵاتان هاوبەشن.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك بازنەی بەرژەوەندیەكانی وڵاتانی عەرەبی و لایەنەكانی تریش وە پەیوەندیان لەگەڵ ئێران زۆرجار ئەم بەرژەوەندیانە لەناو ئەو بازنەیە خۆی دەبینێتەوە كە چۆن كێشەی كورد بنبڕبكەن، ئایا بە قازانج یان زیانی كورد دەبێت یان دەكرێت بەشێك لەمافەكانی كورد لە چوارچێوەی دەستوور لەو بەشەی كە لێیەتی هاوشێوەی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی توانیویەتی بەشێك لە مافەكانی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵام ئەویش لە مەترسیدایە ئەگەر عێراق بیەوێت دەستوور هەموار بكاتەوە، دەتوانین بڵێین چەقی ململانێی ناوچەكە لەسەر تەوەری كێشەی كورد وەكو بەشێكی بنەڕیەتی دەبێت چ بۆ رۆژئاوا یان رۆژهەڵات یان باكوور یان باشووری كوردستان بێت.

هێمای بەوەشكرد، خاڵێكی گرنگ هەیە كە ئێستا ناوبژیوان هەیە و لە هەوڵدان كە كێشەكانی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی سووریا چارەسەربكرێت پێم وایە دەبێت ئەو هەوڵە بگاتە رێككەوتن بەرلەوەی خەڵك رێككەوتن لەسەر كورد بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا