وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەبارەی هاتووچۆی بارهەڵگرەكان روونكردنەوە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە رایدەگەیەنێت، چارەسەری سەرەكی بۆ كێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوكردنی رێگای كۆیە _ هەولێرە بە هەر پێنج قۆناغەكەیەوەو لە پلانی ئەمساڵیشدا بۆ جارێكی تر داوای بودجەمان كردوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وەك وەزارەتێكی خزمەتگوزار، ئەركی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان درێغی ناكات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاككردن و دروستكردنی رێگا هەیە، لەمڕوەوە لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەكان و ئەوەی لە تواناو دەسەڵاتی وەزارەتدا بوە، ژمارەیەكی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەكان ئەنجامداوە، هەربۆیە هەمیشە خزمەتكردنمان بە ئەرك زانیوە بەرامبەر هاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێك لە هاوڵاتیان ژمارەیەك لە رێگاكانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی هاتوچۆی بارهەڵگرەكانە، كە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنەوە، بەڵكو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگاكان و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان ئەو بڕیارە بدەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای كەركوك پێكهاتوە لەم رێگایانە:

ا- رێگای هەولێر-كۆیە-دوكان

ب-رێگای هەولێر-سماقوڵی-دوكان

ج-رێگای هیران-شەقڵاوە

د- رێگای دۆڵی بالیسان

هەر چوار رێگاكە لاوەكین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، كە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر گوزەری پێدا دەكەن، كە بە نزیكەیی بریتیە لە 15000 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و تێیدا 3000 تانكەر و بارهەڵگرن و زۆربەی بارهەڵگرەكان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەكەن.

لە درێژەی روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئێمە وەك وەزارەت هەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشكردنی باری رێگاوبانەكان و نۆژەنكردنەوەیان، بۆ نمونە هەر لەسەرەتای كابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 بە بڕی نزیكەی 42 ملیار دینار، زۆربەی رێگاكانی هەرێمی كوردستان چاككرانەوە و لە دۆخێكی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەك كە لە خزمەت هاوڵاتیانی كوردستان بێت و بتوانن بەكاریبهێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاككردنەوە لە ڕێگاكان بەردەوام بوە، بەڵام داخستنی ڕێگاكان لە لایەن هاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە رێگریكردن بە تێپەڕبونی بارهەڵگر بە ناوچەكانیاندا، دیاریكردنی ئاراستەی هاتوچۆ و بە تایبەتیش بارهەڵگرەكان ئەركی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و سەرۆكی یەكە ئیداریەكانە لە پارێزگاكان نەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن.

هێما بەوەش دەكات، هاوكات جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەكی بۆ كێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوكردنی رێگای هەولێر كۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەكەیەوە) كە لە ساڵانی ڕابردو وەك وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانكردوە كە بودجەی بۆ تەرخانبكرێت بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبكاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەك وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانكردوە بۆ دەستپێكردنەوە و تەواوكردنی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا