پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانیان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە هەڵیانکوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و کارمەندێکی پۆلیسی و کارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکەیان بەفیشەک بریندارکردبوو.
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی ڕابردوو دوو کەس کە لەژێر کاریگەری ماددەکھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لەنەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانەكەوە ڕێگرییان لێکراو ڕێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووەو منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایەو پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام کاتژمێر 1:30 خولەک تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکەو تەقە لەپۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن.
ئاماژەی بەوەکرد، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی، کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو.
جەختیکردەوە، لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی 1985 و (ئ، خ، م) لەدایکبووی 2003 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 232 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و ھەردوو برینداری ڕووداوەکەش لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.