بەپەلە.. یەكێتی لەبارەی “پێشهاتێكی ترسناكەوە” هاتە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا دەربارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لە “پێشهاتێكی ترسناكدا تێپەڕیندرا” و “هەندێك لە بڕگەكانی پێچەوانەی ماددەكانی دەستووری عێراقە”.

رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: لە پێشهاتێكی ترسناكدا ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 27_3_2023 هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەرێندرا كە تیایدا جیا لە پارێزگاكانی دیكە، دۆخی تایبەتی بە پارێزگای كەركوك دراوە و هەندێك لە بڕگەكانی پێچەوانەی ماددەكانی دەستووری عێراقە.

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوەشكرد، تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بەمشێوەیە جگە لەەوەی پێشێلێكی زەقی ماددەكانی دەستووری عێراقە، لە هەمانكاتدا پیلانگێڕییەكە دژ بە گەلی كورد لە كەركوك و مەبەست لێی بێبەشكردنی زۆرترین رێژەی كوردی كەركوكە لە دەنگدان.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ هەموو لایەكی روون دەكەینەوە كە ئەم هەمواری یاسایە تەواو نادەستوورییە بە پشتبەستن بەم ماددە دەستووریانەی لای خوارەوە:

1- لە ماددەی 14ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە: “عێراقییەكان بێ جیاوازی رەگەز یان رەچەڵەك یان نەتەوە یان رەنگ یان ئایین یان ئاینزا یان بیروباوەڕ یان رەئی یان دۆخی ئابووری یان كۆمەڵایەتی، لەبەردەم یاسادا یەكسانن”.
بەڵام پێدانی دۆخی تایبەت بە كەركوك جیاكردنەوەی لە پارێزگاكانی دیكە پێچەوانەی ئەم ماددە دەستووریەیە و پێشێلكردێكی زەقە.

2- لە ماددەی 16ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە: “هاوتاكردنی دەرفەتەكان مافێكی پارێزراوی هەموو عێراقییەكانە و دەوڵەت ئەركی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە دەگرێتە ئەستۆ”.

لە یاساكەدا هەرچەندە راستە سەرژمێری ٥۷ كراوەتە بنەمای دەنگدان، بەڵام سنوری ئیداری ئێستای كەركوكی كردۆتە مەرج بۆ مافی بەشداریكردن لە دەنگدان ، بەمەش دەنگدەرانی رەسەنی كەركوك لە چەمچەماڵ و كەلار و كفری و خورماتوو كە لەساڵی 1957 سەر بە كەركوك بوون، دەكەونە بەردەم مەترسیی بێبەشكردن.

3- لە ماددەی 20ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە: “هاوڵاتیان بە پیاوان و بە ژنانەوە مافی بەشدارییان لە كاروباری گشتییدا هەیە، هەروەها مافی پیادەكردنی مافە سیاسییەكانیان هەیە لە ناویاندا مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن”.
بەڵام ئەم یاسایە ئەو مافەی لە زۆرێك لە دانیشتووانی رەسەنی پارێزگای كەركوك زەوت كردووە.

4- سەرپێچییەكی دەستووری دیكەی یاساكە پێشێلكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، چونكە بڕگەیەكی ئەم یاسای هەڵبژاردنە مافی دەنگدان لە كەركوك دەدات بەو كەسانەی پێش ساڵی 2003 فۆرمی خۆراكیان لە كەركوك بووە كە مەبەستی لە عەرەبە هاوردەكانە، كە ژمارەیان كەم نییە و تەنها ژمارەی ئەوانەی خۆویستانە مامەڵەی ماددەی 140یان كردووە پێكهاتووە لە 28 هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە و لەو ژمارەیەش 11 هەزار خێزان بەپێی ماددەكە قەرەبووكرانەوتەوە، ئەمەش بنەمای سەرژمێری ساڵی 57 پووچەڵ دەكاتەوە و مافی دەنگدان بە هاوردەكان دەدات و هیچ واتایەك بۆ ماددەی 140 ناهێڵێتەوە.

رزگار حاجی حەمە، جەختیش دەكاتەوە، بۆیە ئێمە كۆمەڵانی خەڵكی كەركوك دڵنیا دەكەینەوە كە یەكێتی سوورە لەسەر ئامانج و بیروباوەڕی نەگۆڕی بەرانبەر بە كەركوك و هەموو ناوچە دابرێنراوەكان، هەموو رێگایەكی دەستوری و یاسایی و سیاسی و مەدەنیش دەگرێتەبەر بۆ داكۆكیكردن لە خەڵكی خۆراگری كەركوك.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا