بەسرەو “دەستە شاراوەكەی مەرگ”

پۆڵەتیك پرێس:
ئەوەی لەبەسرە روودەدات چیتر تەنیا ڕووداوی ئەمنی‌و كوشتنی بێ‌ ماناو پێشێلكاری یاسایی نییە، بەڵكو “مەرگێكی شاراوەیەو بەدەستێكی نهێنی ئەنجامدەدرێت”.

ئەو كوشتن و پێشیڵكارییانەی ئێستا لەبەسرە روودەدەن، لەچوارچێوەی سیستماتیكدا ئەنجام دەدرێت، كە هێشتا هێزە ئەمنییەكان ناتوانن ئامانجەكانیان دیاریبكەن، چونكە بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەكان تا ئێستا هیچ كەسێك بەتۆمەتی كوشتنەكان دەستگیرنەكراوەو پێشێلكارییەكانیش بەردەوامە.

كوشتن‌و پێشێلكارییەكانی شاری بەسرەی باشووری عێراق وای لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كرد لە واشنتۆنەوە تویت بكات، كە بۆ یەكەم جارە سەردانی ئەمریكا دەكات‌و كۆبوونەوەیەكی مێژوویی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامدەدات.

 

كوشتن‌و پێشێلكارییەكانی شاری بەسرەی باشووری عێراق وای لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كرد لە واشنتۆنەوە تویت بكات

 

تویتەكەی كازمی بۆ پشتڕاستكردنەوەی بەدواداچوونەكانی بۆ تاوانەكانی بەسرە و دروستكردنی بڕیاری ئەمنی گەورە بوو، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دیمەنی ئەو شارەی باشووری عێراق گەیشتووەتە سنووری مەترسی گەورەوە.

هاوكات بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی باڵیۆزخانەی ئەمریكاش، كە ئیدانەی تاوانەكانی بەسرە دەكات بەرانبەر چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و خۆپیشاندەران ئەنجامدەدرێت، ڕەنگدانەوەی ئەو بەرژەوەندی دەرەكییەیە، كە بووەتە جێگەی پرسیاری خەڵكی شارەكە، بەتایبەتی كە باڵیۆزخانەكە داوای لەحكومەتی عێراق كردووە، “بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن”.

دۆخی بەسرە لەدوای ئەوە زیاتر بەرەو مەترسی چوو، شەوی چوارشەممەی رابردوو پاش ئەوەی چەند چەكدارێكی نەناسراو دوو ئافرەتیان كوشت، كە یەكێكیان پزیشك بوو، یەكێكیش بوو لەچالاكوانە دیارەكانی شارەكە، هەروەها چەند ڕۆژێك پێش ئەو رووداوەش چالاكوانێكی تر تیرۆركرا.

 

دۆخی بەسرە لەدوای ئەوە زیاتر بەرەو مەترسی چوو، شەوی چوارشەممەی رابردوو پاش ئەوەی چەند چەكدارێكی نەناسراو دوو ئافرەتیان كوشت

 

لەئاماژەیەكیشدا بۆ جدیبوونی دۆخەكە، عوسمان غانیمی وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی شارەكەی كرد و یەكەم فەرمانی خۆی دەركردو بەرێوەبەری پۆلیسی گشتی بەسرەی لەپۆستەكەی دوورخستەوە.

وەزیری ناوخۆ ڕێنمایی بە بەرپرسە ئەمنییەكانی شارەكەشدا، بە زووترین كات بگەنە ئەو دەستانەی كردەوەكان ئەنجامدەدەن‌و رێكاری پێویستیش لەو بارەوە بگرنە بەر.

عوسمان غانیمی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمنی سەردانی بەسرەی كرد، كە پێكهاتبوو لە بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ( NSS ) عەبدولغەنی ئەلئەسەدی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەلئەعراجی، چەند كەسایەتییەكی تری هەواڵگری و بریكاری بەرگری، كە ئەوەش جددیتربووی دۆخەكە پیشان دەدات.

لەئێستادا لە شەقامەكانی بەسرە چەند ڕێوشوێنێكی ئەمنی چڕ و پڕ گیراوەتە بەرە، كە دوای دووبارە تیرۆركردنی چالاكوانان لەلایەن چەكدارە نەناسراوەكان، شارەكە جۆرێك لە جموجوڵی سەربازی زۆری پێوە دیارە.

كازمی پێش گەڕانەوەی لەواشنتۆن لەبارەی بەسرە لەتویتەكەی نووسی: فەرماندەی پۆلیسی بەسرە و ژمارەیەك لەبەرپرسانی ئاسایش بەهۆی ئەو كوشتنانەی ئەم دواییە لادراون، هەروەها هەر كارێك پێویست بێت بۆ هێزە ئەمنییەكان دەیكەین بۆ ئەوەی ئەركەكانیان جێبەجێبكەن.
سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەشدا، هاوكاری لەگەڵ بكوژەكان، یان ملكەچبوون بۆ هەڕەشەكانیان كارێكی قبوڵكراو نییەو رووبەڕووی ئەو كەسانەش دەبنەوە.

ڕووداوەكانی ئێستای بەسرە و خوێندنەوە لە سروشتی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەوەوە لەبەردەستدان، ئەوە نیشان دەدات تادێت ململانێكە لە پارێزگای بەسرە توندتر دەبێت، كە پێناچێت ئەو بارگرژییە ئەمنییەی بەسرە لەپشت ئەو ئەكتەرە سیاسییانەوە بێت، كە ئامانجیان بەدەستهێنانی پڕۆژەن لەو شارەدا.

بە وتەی شرۆڤەكاری سیاسی سەربەخۆ موعەللەم موسەوی، چارەسەری ئەو دۆخەی بەسرە ئەوەیە، چەند بریارێكی ئەمنی نوێ لە بەسرە دەربكرێت، لەوانە خێراكردنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی كامێرای چاودێری لەپارێزگاكەدا، كە ئەوە دەتوانێت كۆنترۆڵی ئەو پێشێلكارییە ئەمنییە دووبارانەی ناو شارەكە بكات.

 

چارەسەری ئەو دۆخەی بەسرە ئەوەیە، چەند بریارێكی ئەمنی نوێ لە بەسرە دەربكرێت

 

ئەو داوای لەحكومەتی خۆجێی بەسرەش كرد، بەخێرایی پڕۆژەی سیستمی كامێرا جێبەجێبكات، بۆ ئەوەی ئەو چەتانەی خەڵكی بێتاوانیان بەئامانج دەگرن، ئاشكرا بكەن تا بزانین سەر بەحیزب و لایەنە سیاسییەكانن، یان ئامانجی ئەوان خێڵەكییە .

لای خۆشییەوە محەمەد موسا چالاكوانی مەدەنی داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە بكەن لەسەر ئەو پێشێلكارییە ئەمنییانەی، كە چالاكوانەكانیان كردووەتە ئامانج و بزانێت كێ دەیەوێت دەنگی پاڵەوانەكان لاواز بكات لە چالاكی مەدەنیدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا