پۆڵەتیک پرێس
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند، ئەو لایەنەی بەرپرس بوو لە کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، هەمان ئەو لایەنەیە کە بەرپرسە لە تەقینەوەکەی بەغدا و هێرشکردنەسەر حەشدی شەعبی.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، فالح فەیاز ئاشکرایکردووە، ئەو لایانەی لە تەقینەوەی گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدای پایتەخت و کوشتنی سەرکردەکانی “نەسر” و ئەندامانی حەشد تێوەگلاوە هەمان لایەنە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیەران پێشەکی بوون و دەستەی حەشدی شەعبی رێگری دەکات لە دووبارە پێکهاتنەوەی شانەکانی داعش لەناو عێراق و بەڕووی بەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە چەکدارییە دەوەستێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆی لە کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی راگەیاند.
لەلایەکی دیکەوە، بە چەند سەعاتێک دوای تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا کە بووەهۆی کوژرانی 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە، رێکخراوی چەکداری داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند.