خڵوسی ئاكار میوانی بارزانی بوو

ئەم ژەنەڕاڵە توركە 69 ساڵەیە میوانی مەسعود بارزانی و كوڕ و برازاكەی بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٧٢ كۆلیژی سەربازی تەواو دەكات و پەروەردەی سەربازی و ئایدیۆلۆژی ئەو هی ژینگەی پێش هەڵكشانی ناسیونالیزمی ئیسلامی توركیییە بۆ دەسەڵات، واتە پەروەردی سەربازی و ئایدۆلۆژی ئەو هی سەردەمی كەمالیزمییە.

بەڵام ئەستێرەی بەختی ئەو لەگەڵ هاتنی ئاكەپە، بەتایبەتیش دوای هاوپەیمانی هەریەك لە ئاكەپە و حیزبی فاشیستی گورگەبۆرەكان، مەهەپە، هەڵدەكشێت. خوڵوسی لە ٢٠١٦دا دەبێتە ٢٩هەمین فەرماندەی گشتی هێزەكانی تورك و لە ٢٠٨دا دەبێتە وەزیری بەرگری.

هەڵكشانی بەختی خوڵوسی، رێكەوت نییە. ئەو ژەنەڕاڵە توركە خەڵكی پارێزگای قەیسەرییە لە ناوەراستی ئەنادۆڵ. خەڵكی قەیسەری بەتێكەڵەیەك لە ناسیوینالیست و ئسیلامی دەناسرێنەوە و ناوچەكە لانكەی ناسیونالیزمی ئیسلامی توركییە. لە ٢٠٠٢ كاتێك ئاكەپە بۆ یەكەم جار بەشداری كرد لەهەڵبژاردنەكاندا، لە ٩ كورسی، ٨ كورسی ئەو پارێزگایەی بردەوە. دواتریش، سەرجەم كورسییەكانی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە دابەشبوونە. ئەم دابەش بوونە رەنگدانەوەی كەلتووری سیاسی و پاشخانی ئەم پارێزگایەیە.

ئەوەی توركە ئیسلامییەكان لە توركە عەلمانییەكان جیادەكاتەوە خەونە. ئیسلامییەكان خەونی زیندوكردنەوەی شكۆمەندی و دەسەڵاتی عوسمانییەكان و عەلمانییەكانیش پارێزگاریكردنی لە كۆمار و بنەماكانی ئەتاتورك. لێرەدا و لەگەڵ هاتنی ئاكەپە خەونی گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورك بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە رۆژێك لە ژێر چنگاڵی عوسمانییەكان بوون دەبێتە كارنامە و پۆلەسی دەوڵەت. واتە خەونی ئیسلامی تورك خەونی فراوانخوازی داگیركارییە.

تورك ئەزموونێكی قوڵی داگیركاری هەیە. یەكەم نیشتەجێبوونی توركە سەلجوقییەكان لە ناوچەیەكی نزیك قەیسەری بوو. دوای نیشتەجێبوونییان هەنگاو بەهەنگاو پاشەكشەیان بە كورد و رۆمی (یۆنانی كرد) و تەواوی توركیای ئەمڕۆیان داگیركرد. تورك ئەزموونێكی دوور و درێژی لەگەڵ داگیركاری هەیە. لەسەردەمی سەلجوقییەكانەوە پەیڕەوی سیاسەتی هەنگاو بەهەنگاو پەیڕەو دەكەن. ئەم سیاسەتە دەكرێت بە سیاسەتی “جێ پۆستاڵ”یش پێناسە بكرێت. سەرەتا بە شەڕ یان بە ئاشتی جێ پۆستاڵێك بۆ خۆیان دەكەنەوە. دواتر ئەم پۆستاڵە هەزاران پۆستاڵی تری بەدوادا دێت و گەلانی ناوچەكە لەژێر پۆستاڵ و قامچی توركدا دەپلیشێنەوە.

خوڵوسی لەهەر ٢٨ فەرماندەی گشتی هێزە پێش خۆی جیاوازە. دامەزراوەی سەربازی تورك دامەزراوەی كەمالیزمە. خوڵوسی پێیەكی لەناو كەمالیزم و ئەوی تریشی لەناو ئیسلامی فراوانخوازدایە. خوڵوسی دیوە رەق و سەربازییەكەی قوڵایی ستراتیژی ئەحمەد داودئۆغڵووە. دەكرێت داودئۆغلو بە دواترین مونەزیری ئسیلامی فراوانخواز دابنرێت و خوڵوسیش بە ژەنەڕاڵی بەسەربازیكردنی ئەو قوڵاییە ستراتیژییە.

لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٩دا خەڵوسی نەخشەی تازەی توركیای بڵاوكردەوە. لەنەخشەكەی خوڵوسیدا لایەكی یۆنان، لە ئیدلیب و حەڵەب و قامشلییەوە تا دەگاتە موسڵ و هەولێر سلێمانی و كەركوك وڵاتی توركن. ئەمە بۆ خوڵوسی تەنها خەونێكی ناكردەیی نییە. ئەو بەكردەوە كار بۆ توركیا خەیاڵییەكەی خۆی دەكات. یەكەم كاری خوڵوسی وەك فەرماندەی گشتی هێزەكانی تورك داگیركردنی شەهبای رۆژاڤا و دواتریش عەفرین و ئیدلیب و سەرێكانی بوو. ئێستا پۆستاڵەكانی خوڵوسی لە لەتەرابلوسی لیبیا و ئیدیلیب جەرابلوسی سوریا، لە دۆحە و باكۆ و لە ٣٧ بنكەی سەربازی باشوری كوردستان دەبینرێت.

خوڵوسی میوانی بارزانییە. تا دوای روخانی رژێمەكەی سەدامیش، هەریەك لە تاڵەبانی و بارزانی لەئەدەبیاتی سیاسی توركدا وەك سەرۆك خێڵ ناوزەدە دەكران و دواتریش لەئەدبیاتی توركیدا بارزانی وەك سەرۆكی ناوچەی باكوری عێڕاق ناسرا. باجی ئەم ناسینە تازەیە لەسەر باشوری كوردستن گران كەوت. ئێستا دوای سوریا و رۆژاڤای داگیركراو زۆرترین بنكەی سەربازی تورك لە باشوری كوردستانن ئەمە جگە لەپرسی نەوت. ئەدهەم بارزانی، تاكە ئامۆزای مەسعود بارزانی كە شانسی دەركەوتن و قسەكردن لەسەر سیاسەتی پێدرابێت ساڵێك لەمەوبەر باسی لەمەترسی تەواو داگیركردنی باشوری كرد. ئەو لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت “”هەر لە چیای شەكیب، لەسەر سنور لەگەڵ رۆژهەڵات (ئێران) تا دەگاتە باتوف لە زاخۆ و دهۆك، هەموو ئەو شوێنانە داگیركراوە لەلایەن توركیا… قۆناغی دووەم داگیركردنی بەشێكی تر دەبێت لە باشوری كوردستان.”

خوڵوسی ئێستا میوانی بارزانییە. وەك میدیاكانی پارتی دەڵێن خوڵوسی هاتووە لەسەر دۆخی شەنگال گفتوگۆ بكات. پۆستاڵەكانی خوڵوسی، بەهاوكاری بارزانی لە بەعشیقەی ئێزیدی نشین و لە رەبیعەی نزیك رۆژاڤا و شەنگال هەن، پرسیار ئەوەیە ئایا دوای ئەم سەردانە پۆستاڵەكانی خوڵوسی دەگەنە شەنگالیش؟ ئەوەی مەترسی ئەم گەییشنە زیاد دەكات دەركەوتنی خوڵوسییە لەگەڵ هەرسێ بارزانیدا و لەتەنیشت ئاڵای هەرێمی كوردستانەوە.

خوڵوسی میوانی بارزانییە… خوڵوسی دزێوترین و رەزاقورسترین میوانی مێژووە.

ئارام ڕەفعەت

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا