پاراستنی قەوارەی هەرێم

بمانەوێ یان نا.. حاشا بكەین یان نا.. ئەم پارچە خاكەی كورد تیایدا فەرمانڕەوایە.. رێك بەرهەمی پێنج هەزار ساڵ خەبات و ماندوبونی گەلانی زاگرۆس ە.. نەوە لەدوای نەوە تەسلیمی یەكتریان كردوە.. خوریەكان گەیاندیان بەدەستی میتانیەكان .. گوتیەكان گەیاندیانە دەستی كاشیەكان.. لەوانەوە دەست بەدەست هاتە لای میدیەكان..

ئەمە چەند نمونەیەكی فەرمانڕەوایی دیارو زیندوی رۆژهەڵاتی نزیكی كۆنە كە رەگەزی زاگرۆس و باوباپیرانی كورد حوكمڕانییان كردوە..

لە میژووی نوێ و هاوچەرخیشدا دەست بەدەست گەیشتۆتە دەست یەكیتی و پارتی و گۆڕان … لەم پارچە بچوكەی پێی دەڵێن باشور..

پیشاندانی ئەم نمونەیەی حوكمڕانی كوردی لەماوەی بیست و نۆ ساڵدا، بەداخەوە بەشی زۆری مایەی نیگەرانی هەڵوێستە لەسەر كردن بووە، ئەوی تری هەموو كیشەكان بەچارەسەر نەكراوی بەسەر یەكدا كەڵەكە كرا.. كار گەیشتۆتە ئاستێك شەیتانی رەجیم حەسودی پێ نابات..

ئەوانەشی ویستیان بەباڵۆنی كوردایەتی و ناسیۆنالیزمی كوردی، بەمەرامی خۆیان بگەن و ئێستاش دەیانەوێ بەو ناوەوە بەردەوامی بدەن بەم حوكمرانیە، جگەلەوەی زیانیان بە ناو و ناوبانگی خەباتی راستەقینەی خەڵك گەیاند، لەئیستاشدا ئەوەی لەم جوارچیوەیەدا نەبێت بە ناپاك و خائین وێنای دەكرێت و هەر بە پارەی دزی و تاڵانیش لە سۆسیال میدیاو میدیای بیستراوو بینراو دەیكەنە ئیبلیس و رەجم كردنی حەڵاڵ دەكرێت..

ئەی چارە چیە؟؟
لەم دۆخەدا رێككەوتن لەگەڵ بەغدا یەكێكە لە چارەسەرەكان بۆ ئەهوەن بونەوەی ژیانی خەڵك رزگاركردنی خەڵكی هەژار لەبرسێتی، چونكە پێچەوانەوكەی رەنگە گڕەكەی دارو بەرد، تەرو وشك پێكەوە بسوتێنێ.. خۆ گەر بەڕێوەبەرانی ئەم حوكمڕانییە پرۆفیشناڵەی خۆی وەك رۆستەمی زاڵ دێتە بەرچاو .. رێككەوتن بە نەنگی و تەسلیم بوون دەزانێ بە “عەرەبی پاپەتی” .. دەكرێ بڕیار بدات واز لە دزی و قاچاخچێتی ودەستوەردان لەبازار بێنێ و ئەو داهاتەی هەیە بیدەنەوە بەخەڵك، چونكە جگە لەم دوو رێگایە رێگای سێهەم بوونی نییە، لەراستیشدا قەوارەكە بە فیعلی لە مەترسیدایە، چارەسەریش ئەوەیە بەراستگۆیانە، یان ئەمیان یان ئەویان ..

حلمی رەسول رەزا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا