لەنێوان داخستنی بارەگاكانی HDPو بنكە سەربازیەكانی توركیادا

دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان، بیر لەوە دەكەنەوە تاكو هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا كە بەپێی شیكردنەوەی (ئیسماعیل كوچەك كایا) لەكەناڵی فۆكس تیڤی توركی، هەڵبژاردنی داهاتوی توركیا دەكەوێتە پایزی 2021وە، تەواوی بنكەكانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دابخەن و پارتەكەش هەڵبووەشێننەوە، ئەگەرێكی نزیكە ئەوە ڕووبدات لەڕوانگەی سێ ئاماژەی ڕوونەوە:

یەكەم: HDP لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردووی توركیادا لەهەر پارتێكی دیكەی توركیا زیاتر زیانی بە AKPARTI و دەسەڵاتی ئەردۆغان گەیاندووە و دەنگی ژمارەیەكی زۆر كوردی لەلای ئاكپارتییەوە گواستۆتەوە بۆلای HDP، ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر دەنگدەری كوردی ناو AKPARTI و كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی ۲۰۱٥ و (۲۱ی ئازار)و (۲۳ی حوزەیرانی ۲۰۱۹)ی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵدا.

دووەم: ڕاگەیاندنی حیزبەكەی عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ (دیموكراسی و پێشكەوتن) و بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، هاوشان بە HDP، دەنگ لەپارتەكەی ئەردۆغان (AKPARTI) دەبەن، بۆیە ئەردۆغان ئەوەی پێ قبوڵ ناكرێت دوو هێزی دژ بەخۆی ببینێت كە دەیانەوێت لەسەر كوردەكانی ناو ئاكپارتی ئیش بكەن، لەم كاتەدا ئەردۆغان ناچارە خۆی لەمەترسی یەكێكیان دووربخاتەوە، بێگومان لەم كاتەشدا HDP ئەگەری زیاترە دابخرێت نەك حیزبەكەی عەلی باباجان و داود ئۆغڵۆ.

سێیەم: سزای زیندانیكردنی سێ ساڵ و شەش مانگی سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆكی پێشووتری HDP، بۆ ئەوەیە ئەم پارتە لاواز بكات و تاكو هەڵبژاردنی داهاتوو دەست بخاتە بینەقاقای سەركردە دیارەكانی HDP و بەلەسەرخۆیی ئەم پارتە بپوكێنێتەوە.

ئێستا قسەكە ئەوەیە، دەوڵەتی توركی فاشیست لەناوخۆدا بەردەوام لەهەوڵی بچوككردنەوەی كورد و هێزە كوردیەكان و زیندانیكردنی سەركردە دیارە خەباتكارەكانی كورددایە، بەڵام لەدەرەوەش بەپێچەوانەوە لەسەر دەستی كورد لەهەوڵی داگیركاری زیاترو زۆرتری خاكی باشووری كوردستان و خۆرئاوای كوردستاندایە.

لەباشووری كوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بنكە سەربازیەكانی توركیا لەزیادبووندان، گەورەترین بارەگای نهێنی میتی توركی لە عێراق لە باشووری كوردستانە!، دەسەڵاتدارانی هەرێم! نەك داخستنی ئەو بنكە سەربازیانە وەك كارتێكی فشار بەرامبەر توركیا بەكارناهێنن، بەڵكو خودی توركیا كراوەتە خاوەن ماڵ و بەئاشكرا هەژموونی توركیا بەسەر سیاسەتی حیزبی و حكومی هەرێمی كوردستانەوە دیارە.

ئەوەی لە توركیا دژی خەبات و تێكۆشانی كورد دەكرێت، دەبوو لەباشووری كوردستانیش دژی توركیا بكرایەتەوە و تەواوی بنكە سەربازییەكانی توركیا لەخاكی باشووردا دابخرانایە، نەك ئەوە نەكرا، بەپێچەوانەوە لە باشووری كوردستان چاوساغی بۆ توركیا دەكرێت لە كێوماڵكردنی ناوچەكەدا دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ــ PKK.

ئەم وێنە ناكۆكەی تورك لەمامەڵەی لەگەڵ كورد لەناوەوە و دەرەوەی توركیادا، پەیوەست نییە بەچۆنیەتی مامەڵەی كوردەوە لەگەڵ توركیا لەنێوان باكووری كوردستان و باشووری كوردستاندا، بەڵكو پەیوەستە بەسیاسەت و بەرژەوەندی توركیاوە.

لەنێوان داخستنی بارەگاكانی HDP لە توركیا و داخستنی بنكە سەربازیەتی توركیادا لەباشووری كوردستان، وێنە ناوخۆییەكەی توركیا ڕاستترە بۆ تێگەشتن لەواقیعی بڕوابوونی تورك بەدۆستایەتی لەگەڵ كورد، ئەگەر بنكە سەربازیەكانی توركیا لەباشووری كوردستان دابخرێن، ئەوا بۆ توركیا كوردەكانی باشووریش نەك بەلای توركیاوە دۆست نین بەڵكو هیچ جیاواز نابن لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە و كوردانی باكوورو عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش كە خەبات بۆ ئازادی نەتەوەیی و نیشتمانی دەكەن.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا