موژدەکەی وەزیری شارەوانی تینوێتی چەمچەماڵ ناشکێنێت

هاوار وناڵەی چەمچەماڵیەکان بۆ چوار دایس ئاوی هێڵی دووەمی دوکان و هەڵکەندی ١٠ بیر نەبوو، چەمچەماڵیەکان داوای نۆژەنکردنەوەی هێڵی یەکەمی دووکان سلێمانی ناکەن، تینوەکانی چەمچەماڵ یەک داواکارییان هەیە ئەویش ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵە.

خەریکە ئەم ڕەنجەی چەمچەماڵەکانیش بە دەردی قوربانیدانی پەنجا ساڵی ڕابردوویان دەچێت، وەک چۆن ئەم شارە سوتەمەنی هەموو شۆڕشەکان بوو کەچی خەڵکی تر بەرهەمەکەی دەخۆن.

هێڵی یەک و دووی ئاوی دووکان-سلێمانی چارەی دەردی چەمچەماڵ ناکات کە وەزیری شارەوانی خەرج کردنی پارەی بۆ نۆژەنکردنەوەی کردۆتە موژدە بۆ چەمچەماڵیەکان، چونکە چەمچەماڵیەکان هەمیشە وەک میوانی ناوەخت لەسەر ئەو هێڵە سەیر دەکرێن و ساڵانە دەیان شەڕ لەسەر کردنەوەی چوار دایسی زیاتر ئاو بۆ چەمچەماڵ دەکرێت.

بەشێکی تری پەیامەکەی وەزیر هەڵکەندنی ١٠ بیرە لەکانی شەیتان بۆ قەزای چەمچەماڵ، دیارە بەڕێزیان ئاگادارنین کە ٢٤ بیری ئیتیوازی لەبانی مەقان وشک بوون، ئایا چارەسەری ئاوی چەمچەماڵ بەبیر دەکرێت!؟

سەرزەمینی ئەنفال چاوەڕوانە حکومەت بەقەد سامانە سروشیتیەکەی لای لێ بکاتەوە و پرۆژەیەکی سەربەخۆی ئاوی گۆپتەپەی بۆ ڕابکێشێت و چیتر چاوی لەدەستی سلێمانی و ئاوی دەوروبەر نەبێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک