ئەگەر ماریا کچم بوایە!

کاوە شێخ عەبدوڵڵا
کوشتنی ماریا، چەند رۆژێکە تۆپەڵێک خەمە و لەسەر دڵم وا کۆبووەتەوە، دەنگ و شێوەی ئەو کچە نە لەگوێم نە لەبەرچاوم لاناچێ. نازانم بۆچی ئەوەندە کاری تێکردووم بۆیە لەگەڵ هەر هاوڕێیەکم لە نزیکەوە دانیشم، ناتوانم باسی نەکەم.
زۆر کەس هاوڕامن کە کوشتنەکەی زۆر ئەستەمە، بەڵام زۆریشن ئەوانەی نایانەوێ ڕاستەوخۆ تەیدی کوشتنەکەی بکەن، دێن ئەم پرسیارە دەکەن: باشە ماریا کچی تۆ یان خوشکی تۆبوایە چیت لێدەکرد.. کاکە شەرەف گرانە؟
بەڕاستی نازانم ئەگەر ماریا کچ یان خوشکم بوایە هەڵوێستم چی دەبوو، بەڵام دڵنیام کە هەرگیز نەمدەهێشت نێوانی کچ و باوکێتیمان یان برا و خوشکێتیمان بگاتە ئەو ڕادەیەی ئەو لە ماڵێکی تر یان لە جادەیەکی تردابێ و منیش لە ماڵ و رێگایەکی تر.
هەندێ ژنومێرد هەن شایانی ئەوە نین منداڵیانبێ، هەندێ دایکوباوک هەن بۆ ئەوە ناشێن نیعمەتی کچێک یان کوڕێکیان پێببەخشرێ. بۆیە کاتێ کوڕ یان کچێکیان دەبێ، لە ترسی گەورەبوونی منداڵەکانیان ژیانی خێزانەکەیان پڕ دەکەن قەلەقیی و دودڵیی بەتایبەت بۆ کچ. زۆرجاریش دەبن بە دڕندە و باوکێتییان لە بیر دەچێتەوەو نازانن چۆن کچەکانیان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە بۆیە زوو دەیاندەن بەشوو.
ئێستا تەمەنی کچەکەم هەژدەساڵانە، تەمەنێکە رێک ئەوەندەی پەڕەی کلێنس ناسک، بۆیە پێموایە ئێستا وەزیفەی ڕاستەقینەی باوکێتی من دەستپێدەکات. وەزیفەی گەورەکردن و پێگەیاندنی کچێک کە لە داهاتوودا بتوانێ ببێتە ژنی پیاوێک و دایکی چەند منداڵێک.
ڕۆژانە کە دەچمەوە ماڵەوە، دەبێ بۆنی قژەلوولەکەی کچەکەم بکەم، جنێوی پڕ لە نازی بدەمێ.. هەواڵی وردە کەرەکانی ناو مێشکی بپرسم و کەی بەڵێنەکەی دەباتەسەر کە عاقڵ ببێ.
حەفتانە هەواڵی هاوڕێکانی لێدەپرسم، کێی تازەی ناسیوەو چی نوێ ڕوویداوە. لەگەڵ ئەمانەیشدا لێی تووڕە دەبم و قسەی ناخۆشیش دەکەم لەڕوویدا، بەڵام هەرگیز واناکەم ئێشەکەی بچێتە قووڵایی دڵی و هەست بە شکان بکات.
سەرباری ئەو دڵنەوایی و ئاگالێبوونانەی کچەکەم، بەڵام هەر چاوەڕێ دەکەم هەڵە بکات، چاوەڕێ دەکەم بڕیاری خێرا بدات کە لە ئاستی خواستی مندا نەبێ وەکو باوکی. بۆ ئەمەیش هەر لۆمەی خۆم دەکەم کە خەتا بۆ پەروەردەکەی خۆم بگەڕێتەوە یان من نەزانم باوکێک بم کچەکەم چی گرنگە بۆی و بیرکردنەوەی کۆنی خۆم بسەپێنم بەسەریدا.
ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تەیدی کوشتنی ماریا دەکەن، یەکسەر ئەو بەشەی ماریا هەڵدەبژێن کە کچێکی یاخی بووەو تاڕادەیەک بەرەڵڵابووە کە نەچووەتە ژێر ڕکێفی باوک و براکانییەوە.
بەس ئەوانە ناپرسن، ئایا ڕێی تێدەچێ کچێک بە ژوور و کەلاوەی هاوڕێکانی رازی بووبێ، ئەی چۆنە بە ماڵی خۆیان ڕازی نەبووە؟
کچێک ئامادەیە تەکلیف لە هاوڕێکانی بکات یارمەتی بدەن و چەند شەوێ جێی بکەنەوە، بەڵام هاوکاری و یاریدەی خێزانەکەی خۆی رەفز بکاتەوە؟
ئەگەر باوکێکی میهرەبانی هەبووبێ، ئەگەر باوکێک زۆر بەباشی ئاگای لە بزێوی و وریایی کچەکەی، یان ئارامیی و لەسەرخۆییەکەی بووبێ، هەرگیز ڕێی تێدەچێ کچە لە باوکێکی میهرەبان ڕابکات و قوشقی بێ؟
من تا نەکوژرا، ماریام نەدەناسی، بەڵام ئێستا دوو کچی هاوشێوەی ماریا هاوڕێمن و لەنزیکەوە باسی خۆیان بۆ کردووم. ئەوجۆرە کچانە نە شێتن نە بەرەڵڵا وەکو وەسف دەکرێن، بەڵام لە تەمەنێکی ناسکدا لەلایەن باوکیانەوە کەسایەتییان شکێنراوەو پێیانوایە لە ماڵەوە قیمەتی تاکێ نەعلیان نەماوە، بۆیە دڵیان بە ماڵی خۆیان ناکرێتەوە.
ئەوجۆرە کچانە زۆر جوان دەنووسن، بەڕادەیەک جوان دەنووسن دەڵێی تەمەنیان حەفتا ساڵ دەبێ، زۆر بەخشندەن. هەرچی پێیان بکرێ لە هاوکاری هاوڕێ کچ و کوڕەکانیان درێغی ناکەن. بەدەگمەن خراپەیان لێبوەشێتەوە بەڵام شتی هەرە خراپیان ئەوەیە بۆ خۆیان باش نین!
زۆرترین قسە و دەربڕینیان ئەوەیە کە تۆڵە دەکەنەوە، ئەوان سەرەتا لە برا و باوکیان هەڵاتوون، کەچی دواتر بەر چەندین پیاو و ژنی تردەکەون کە خراپەیان لەگەڵ دەکەن و توێژاڵێکی ئەستوور رق و کینەیان لا دروست دەبێ و متمانەیان زۆر کەم دەبێتەوە بە خەڵکی تر.
کورتەنووسینەکانی ماریا لە فەیسبووکەکەی، هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە لە کچێکی دڵشکاودا هەن. پوخت و جوان و پڕمانا. زۆر کەم بوغزوکینەیان تێدایە.
تاقە گۆرانییەکەی کە دوای کوژرانی بڵاوکرایەوە، بارتەقای ڕۆمانێک و فیلێمک، هەست و سۆز و خەونی شەخسی خۆی تێدابوو. بۆیە ئەو دەنگەی ماریا تامردن دەزرنگێتەوە چونکە شانسی هەبوو توانی بەر لە چوونە ژێر خاک بیڵێ: هەموو ئەوانەی توشم بوون لەو دوو کۆپلە گۆرانییەدایە و بۆخۆتان گوێی لێبگرن.
دەنگ و مەرگی ماریا وانەیەکە بۆ من کە دەبێ باوکێک بم، هەرگیز رێگە نەدەم ژیان و مەرگی کچەکەم ببێتە خەم بۆ سەر دڵی زۆربەی میللەتەکەم و ببێتە لەکەیەک بەناوچاوانمانەوە کە لەناو یەک دنیا شەرەفی لە دەستچوودا، تەنیا پاسەوانی شەرەفی کچ و ژن و خوشکەکانمان بین بەبێ ئەوەی ژیانێکی شەرەفمەندانە بە کچ و خوشک و ژنەکانمان ڕەوا ببینین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا