پۆڵه‌تیك پرێس:
سه‌باح زێباری، سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه و مافی بەکاربەر رایده‌گه‌یه‌نێت، لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی لیژنەی تەندروستی پەرلەماندا باسمان لە مافی پزیشکان و داوای رەوایان کرد بۆ پرسی موچه.
سه‌باح زێباری، سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه و مافی بەکاربەر له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “ئێمە وه‌ك په‌رله‌مان لەگەڵ داوای پزیشکانین بۆ پرسی موچه، بەڵام ئەگەر حکومەت پارەی نەبێت ئێمە چی بکەین؟”.
لەبەشێك لە نه‌خۆشخانه‌كانی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، بەهۆی دابەشنەكردنی مووچە لەكاتی خۆیداو بڕیاری لێبڕین له‌به‌شێكی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، بەشێك لەكارمەندان و پزیشكانی تەندروستی بایكۆتی ناوەندەكانی تەندروستیان كردوە.
یاد نەقشبەندی وتەبێژی ته‌ندروستی سلێمانی له‌باره‌ی مافی پزیشكه‌كان بۆ بابه‌تی موچه بۆ پۆڵەتیک پرێس قسه‌یكرد و وتی:”لە کۆمەڵگادا تێروانینێکی گشتی بۆ پزیشکان دروست بووە کە پێیان وایە سەرجەم پزیشکان باری ئابووریان زۆر باشە ئەم بۆچوونەش دوورە لە راستییەوە و پزیشک یان کارمەندی تەندروستی وامان هەیە ناتوانێت کرێی خانوەکەی بدات بەهۆی ئەوەی موچەی وەرنەگرتووە”.
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشکرد، داواکاری پزیشکان رەوایە و هەتا ئێستاش دکتۆرەکان لەبەر هەستی بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتییان بەردەوامن لە ئەرکەکانیان.
بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی سلێمانی جه‌خت له به‌رده‌وامیدان به مانگرتن ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن، ده‌بێت موچه‌كانیان به‌بێ لێبڕین و هه‌ر 30 ڕۆژ جارێك دابه‌شبكرێت.