بەرهەمی ڕاگەیاندنەكانە باوەلی دەهێننە سەر شاشەكان و دەیكەن بە ڕێنیشاندەری كۆمەڵگا

ناسك واحید

سوتاندنی ئەو ژنەی كەركوك لە لایەن خەسووەكەیەوە، ژنكوژیی نیە بەدەستی پیاو، بەڵكو ژنكوژییە بەدەستی زۆرینەی كۆمەڵگا، ئەم تاوانە بەرهەمی ئەو ڕاگەیاندن و پەیامنێرانەیە كە كەسانی وەك باوەلێ دەهێننە سەر شاشەكان و دەیانەوێت بیكەن بە ڕێنیشاندەری كۆمەڵگا، ڕاستە كە دەركەوتنی قسەكەرێكی وەك ئەو ژنە ماوەیەكی زۆر نیە و ژنكوژی مێژویەكی زیاتری هەیە، بەڵام دەستخۆشیكردن لەم عەقڵیەتە كۆنانەی بوك و خەسوو. ئەم تاوانە درێژە پێدەدات، هەموان دژی عەقڵی نوێ و ژیانی نوێن، دژی شێوازی ژیانی ژنی ئێستان، لێگەڕێن مرۆڤ تەنها بۆ خۆی و منداڵ و مێردی خۆی بژی نەك دڵی هەموتان، ئێوە كێن تا ژنی باش و ژنی خراپ هەڵسەنگێنن !! بەرهەمی ئەو پیاوە كۆمێنت نوسانەیە كە دەستخۆشی لە سوكایەتیەكانی كەسانی وەك باوەلێ دەكەن بەرامبەر بوكەكانی و ژنی ئەم كۆمەڵگا، ئەمە بەرهەمی ئەو پەروەردە هەڵەی دایك و باوكە كە دەڵێن ژن بە شەرمەوە جوانە.

ئیدی كچێك پەروەردە دەكەن كە شەرم دەكات تەنانەت لەبەردەم خێزانەكەی خۆیدا، باسی ئازارو ئەو زوڵمانە بكات كە توشی بووە، ئەم سوتاندنە بەرهەمی ئەو عەقڵیەتەیە كە جیابونەوە بە عەیبەو سوكایەتی دەزانن هەرچەند كچەكەیان لە دۆزەخدا بێت، ئەمان ئەوەیان بۆ گرنگە كە كچەكەیان شوی بۆ بووەو لە ماڵی مێردێكدایە ئیتر بۆیان گرنگ نیە ئەو مێردەی چۆن زوڵمی لێدەكات، چۆن دەیچەوسێنێتەوە.

سوتاندن و كوشتنی ژنەكان بەرهەمی بێدەنگ بونیایە لە ئاست ژیانێكی ژێردەستەیی و پڕ چەوساندنەوە بە خاتر كلتورو عەقڵی پوچی كەسە نزیكەكانیان.

ئەی ژن گەر بەردەوام بێدەنگ بیت لە ئاست ئەو سوكایەتیانەی كە پێت دەكرێت، ئەوا ڕۆژێك قیژەی سوتاندنت و هەواڵی كوشتنت یان خۆكوشتنت بە دەنگی بەرز دەگاتە گوێی هەمومان.

ئەی پیاوەكانی كۆمەڵگا گەر ئەم سوتاندنانەی كچی خەڵكی ڕات نەچەڵەكێنێ و بەردەوامبی لە دەستخۆشیت لە عەقڵە كۆنەكان و سوكایەتی بە هەموو نوێگەرییەكی ژیان بكەیت، ئەوا دڵنیابە ڕۆژێك قیژەی سوتان یان خۆسوتاندنی كچەكەت دەگاتەوە گوێت، ڕۆژێك جەستەی ساردو سڕی كچەكەت لە ماڵە خەزورانەوە بەدیاری دەهێننەوە كۆشت.

ئەم ژنكوشتنە تەنها بەرهەمی دەستی پیاوەكان نیە بەڵكو بەرهەمی عەقڵیەتی ڕاگەیاندن و خێزان و تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیشە.

چونكە ساڵانە، دە بۆ بیست ژن زیاتر دەكوژرێت كە دەكاتە دوو ژن لە مانگێكدا، بەڵام ماوەیەك پێش ئێستا پەرلەمانتارێكی بێ ئاگا دەیوت ناكرێت ژنكوژی بكرێتە هەرا كە لێرەو لەوێ ژنێك دەكوژرێت ئاساییە مەیكەن بە بابەت.

ئەو پێی وایە دەبێت هەموو ژنەكان بكوژرێن ئینجا بكرێتە هەرا، لە كوێی دنیا ژنێكی سكپڕ لەسەر پاكنەكردنی ماسی دەكوژرێت؟
هەر بۆیە ئەم تاوانانە بە سپۆنسەری خێزانی پڕ كۆت و بەند و ڕاگەیاندنی بێ ئاست و كۆمێنت نوسی بێ دەربەست و پەرلەمانی بێ ئاگا لە كۆمەڵگا، بەردەوام دەبێت.

(ئەوەی كە ژنەكان دەچەوسێنێتەوە، پیاوان نین بەڵكو بیركردنەوە چەوتەكانن).

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا