كاتیۆشاكە و ساروخ بارانی كونسولخانەی ئەمەریكا

بارزانیەكان بە گەوجی خۆیانەوە خراپ لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا تێكەوتوون. چەند سەعاتێك دوای ئاراستە كردنی چەند ساروخێك بۆ دەوروبەری كونسولخانەی ئەمریكا و هێزەكەشیان لە تەنیشت فڕۆكەخانەی هەولێر، دەزگای پاراستن، كە مەسرور بارزانی هێشتا سەرۆكیەتی، ڕایانگەیاند كە شوێنی بۆردومانەكەیان دۆزیتەوە و وێنەی كاتیۆشایەكی مامناوەندی دوازدە لوولەیشیان لەگەڵ بەیاننامەكە دانابوو، كە گوایە لەو شوێنە بەجێماوە.

بێگومان ئەوانەی بەیاننامەكەیان نوسیوە، جگە لەوەی كە گەمژە و ناشارەزا بوون، هاوكات دەبێت گوشاریشیان خرابێتە سەر تا بە زووترین كات (شتێك) بڵاوبكەنەوە و زیرەكی دەزگاكەی مەسرور بۆ دنیا دەربخەن.

كاتیۆشا چەكێكی ڕووسیە و چەند جۆرێكی هەیە. جۆرە هەرە گەورەكەی، كە دانە دانە یان بە كۆمەڵ دەهاوێژرێت، تەنیا 9 كیلۆمەتر مەودای هەیە. ئەمەی پاراستن وێنەكەی داناوە، لە جۆری مینی كاتیۆشایە. ئێمە لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو، لە شەڕی پێشمەرگایەتی دا، بەكارمان دەهێنا و مەودای هاوێشتنی لەمەش كەمترە. واتا بە هەر حیسابێك لێكی بدەیتەوە كاتیۆشاكان لە ناو شار هاوێژراون.

لە هەولێریش جگە لە دەزگاكانی خودی بارزانیان، كەسی دی كاتیۆشای نیە. بێگومان دوو لایەنی دیش دەتوانن لە حەوشی كونسولخانە دایاننابێت. یەكەمیان جمهوری ئیسلامی ئێرانە و ئەوەی دیش كونسولخانەی توركانە. هەردووكیشیان ڕقیان لە ئەمەریكایە.

ئەوەی دووەمیان، واتا توركیا، بە هۆی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، كە گومان دەخاتە سەر ئەوەی ١٣ ئەفسەرە دیلەكانیان لەلایەن پەكەكەوە كوژرابن و ئەردۆگان لە كاردانەوەیەكی خێرادا، بە توڕەییەوە گاڵتەی بە بەیاننامەكە كرد، بۆیە دوور نیە توركەكان دەستیان لەم كارە هەبێت. ئەگەر لە ترسی ئاشكرا بوون، لەناو كونسولخانەش نەیكردبێت، لەوانەیە لە دەوروبەری حەوشە گەورەكەی نێچیر بارزانی دایاننابێت، كە چواریەكی هەولێری داگیر كردووە و لە شوێنی ڕووداوەكەش نزیكە.

بێگومان ئەمریكیەكان ئاگاداری ئەم وردەكاریانە هەن و تێدەگەن دەبێت كاتیۆشاكە لە شوێنێكی نزیكی خۆیان و لە ژێر چەپۆكی بارزانیەكان هاوێشترابێت، هەر لەبەر ئەمەشە كونسولی ئەمریكا لە هەولێر، داوای كردووە كە دەبێ بە پەلە مەسرور بارزانی ببینێت و ئەم ناڕوونیەی بۆ ڕوون بكاتەوە لەسەر كاتیۆشاكە و شوێنی تەقاندندنەكەشی. بێگومان داواش دەكەن كە شارەزایانی خۆیان كاتیۆشاكە و شوێنەكەش بپشكنن.

پاراستن تێگەیشتن كە هەلەیەكی گەورەیان كردووە، بۆیە بە پەلە بەیاننامەكە و وێنەی كاتیۆشاكەشیان لە دیوی فەرمی پاراستن سڕیەوە. ئێستا نازانن بە چ شێوەیەك پینەی ئەم كەتنەیان بكەن بۆ ئەمریكیەكان. بێگومان پێش هەر شتێك، ڕاوێژ بە دۆستە توركەكانیان دەكەن كە چی بكەن باشە.

شاسوار هەرشامی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا